Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 22:24

نێچیرڤان بارزانی و عەلی زەیدی لە بەغدا کۆبوونەوە

Kurdistan Ahmed
100%

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە (6ی ئابی 2026)، لە بەغدا لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە دۆخی گشتیی وڵات، تەحەدا ئەمنییەکان و دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر عێراق کرد.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا کۆبوونەوەکەی بە "بەرهەمدار" وەسف کرد و ڕایگەیاند، کە هەولێر پشتگیریی تەواوی هەوڵە هاوبەشەکان دەکات بۆ سەرخستنی کارنامەی حكوومەت، بە جۆرێک کە خزمەت بە هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بگەیەنێت. نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پابەندییەکان جێبەجێ بکرێن، بەتایبەتی لە دۆسیەکانی چاکسازیی گشتگیری ئابووری و سنوردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.


لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، تیشک خرایە سەر خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاوڵاتیان. هەردوولا هاوڕابوون کە پەرەپێدانی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە یەکێکە لە ئەولەویەتە هەرە لەپێشینەکانی قۆناغی ئێستا.


نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستی هێزە سیاسییەکان و چڕکردنەوەی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەت کرد. ئەو وتی: "ئەم هەماهەنگییە دەورێکی سەرەکی دەبینێت لە پاراستنی سەروەریی وڵات و بەهێزکردنی عێراق لە بەرامبەر مەترسی و ئاستەنگە دەرەکییەکاندا، تاوەکو داهاتوویەکی گەشتر و سەقامگیرتر بۆ گەلەکەمان فەراهەم بکەین."

ئەم دیدارە لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێکی یەکجار هەستیاری ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت و عێراق هەوڵ دەدات لە ڕێگەی هاوسەنگییەکی ناوخۆیی و هەرێمییەوە، خۆی لە لێکەوتەکانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بپارێزێت. شارەزایانی سیاسی پێیان وایە کۆکبوونی هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی "چەک و چاکسازی"، ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ سەقامگیریی سیاسیی وڵات لەم قۆناغەدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.