Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 04:47

تەندروستیی هەرێم ڕێکاری نوێ بۆ ڕێگری لە بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستە دەگرێتە بەر

Kurdistan Ahmed
100%

وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، زنجیرەیەک ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی نوێی بۆ ڕێکخستنەوەی پڕۆسەی چاندنی ئەندامانی جەستە، بەتایبەتی چاندنی گورچیلە ڕاگەیاند، بە مەبەستی بنبڕکردنی دیاردەی نایاسایی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، ئەمڕۆ پێنجشەممە (6ی ئابی 2026)، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای تایبەت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بەخشین و چاندنی ئەندامانی لەشی مرۆڤی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، کە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی ئامادەی بوون، جەخت لەسەر پێداچوونەوەی ورد بە مەرج و ڕێنماییەکان کرایەوە تاوەکو هیچ دەرچەیەک بۆ سەرپێچیی یاسایی نەمێنێتەوە.


ئەم هەنگاوەی وەزارەتی تەندروستی پشت بە حوکمەکانی ماددەی 7 لە یاسای وەزارەت (ژمارە 15ی ساڵی 2007) و ماددەی 30 لە یاسای بەخشین و چاندنی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان (ژمارە 1ی ساڵی 2018) دەبەستێت. وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێکخستنەوەی ئەم دۆسیەیە لە پێناو پاراستنی "بەرژەوەندیی گشتی" و ڕێگریکردنە لە هەر جۆرە ئیستغلالکردنێکی مرۆیی کە لە ژێر پەردەی بەخشینی ئەندامەکاندا ئەنجام بدرێت.


لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە مەرجە یاسایی و پزیشکییەکان بۆ بەخشەر و وەرگر توندتر بکرێن، تاوەکو دڵنیایی بدرێت کە پڕۆسەکە تەنها لە چوارچێوەی مرۆیی و بەبێ بەرامبەری دارایی ئەنجام دەدرێت. لێژنە پسپۆڕەکان ڕاسپێردراون کە چاودێرییەکی وردی نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان بکەن و هەر جۆرە گومانێک لە بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستە دەستبەجێ ڕادەستی لایەنە یاساییەکان بکەن.

چاودێرانی تەندروستی پێیان وایە ئەم ڕێکخستنەوەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ نیشتمانیکردنی پڕۆسەی چاندنی ئەندامەکان و پاراستنی شکۆی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە دیاردەی بازرگانیکردن بە گورچیلە لە ناوچەکەدا وەک تەحەدایەکی یاسایی گەورە ماوەتەوە.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.