Erbil 31°C چوارشەممە 05 ئاب 19:49

خوێندنی باڵا: حکوومەتی هیندستان کۆرسی ڕاهێنانی بێبەرامبەر بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم دابین دەکات

100%

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەکی بۆ سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران بڵاوکردەوە سەبارەت بە ڕەخساندنی چەندین کۆرسی ڕاهێنان لە وڵاتی هیندستان، کە لە لایەن بەرنامەی "هاوکاریی تەکنیکی و ئابووریی هیندستان" (ITEC) سپۆنسەر کراون.

ئەم کۆرسانە چەندین بواری جیاواز و گرنگ لەخۆ دەگرن، لەوانە: تەکنەلۆژیای زانیاری (IT)، زیرەکیی دەستکرد (AI)، بەڕێوەبردنی گشتی، کارگێڕی و ئافراندنی کار، وزەی نوێبووەوە، پەروەردە، دارایی، بەڕێوەبردنی قەیران، کشتوکاڵ، تەندروستی و پاراستنی ژینگە. ئامانج لەم دەسپێشخەرییە، بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەیی کادیرانی حکوومەتە لە سێکتەرە جیاوازەکاندا.


وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرنامەی (ITEC) تەواوی خەرجییەکانی بەشداربووان لە ئەستۆ دەگرێت، کە بریتین لە: تێچووی گەشتی نێودەوڵەتی (بلیت)، شوێنی نیشتەجێبوون، پارەی مانگانەی ژیان، کەرەستە و ماددەکانی فێرکاری و سەرجەم خەرجییە سەرەکییەکانی تری ناو خولەکە.


ئارەزوومەندان دەتوانن لە ڕێگەی لینکی فەرمیی (https://itecgoi.in/upcoming_courses) سەیری لیستی خولەکان بکەن و داواکاری پێشکەش بکەن. وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە بۆ کۆرسەکانی ڕاهێنان هیچ مەرجێکی تایبەتیان نییە، بەڵام بۆ وەرگرتنی "نامەی پشتگیری"، پێویستە کاندیدەکان سەرەتا نووسراوی ڕەزامەندی لە فەرمانگەکەی خۆیانەوە بهێنن، تاوەکو وەزارەت بتوانێت ڕێکارە دیپلۆماسی و کارگێڕییەکانیان بۆ جێبەجێ بکات.

ئەم هاوکارییە زانستییانە وەک بەشێک لە پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هیندستان دەبینرێت، کە ساڵانە دەرفەتی خوێندن و ڕاهێنانی جۆراوجۆر بۆ گەنجان و پسپۆڕانی هەرێم دەڕەخسێنێت. داوا لە پێشکەشکاران دەکرێت پێش ناونووسین، مەرج و وردەکاریی هەر کۆرسێک بە وردی بخوێننەوە.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.