سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ستافی نووسینی ڕۆژنامەی (ئەلمەدا) کرد بەبۆنەی تێپەڕبوونی 24 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەکە، هەروەها ستایلی کارکردنی دەزگاکەی لە چەسپاندنی بەهاکانی ڕۆژنامەگەریدا بەرز نرخاند.
لە پەیامێکی پیرۆزباییدا کە ئاڕاستەی فەخری کەریم سەرۆکی دەزگای ئەلمەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و هونەر کراوە، سەرۆک بارزانی وێڕای پیرۆزبایی، دەستخۆشی لە کاروانی پیشەیی و نیشتمانیی ئەم دەزگایە کرد. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش دا کە ڕۆژنامەی ئەلمەدا دەورێکی دیاری هەبووە لە چەسپاندنی بەهاکانی ڕۆژنامەگەریی ئازاد و دەوڵەمەندکردنی ژیانی کولتووری و میدیایی لە عێراقدا.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم یادە وێستگەیەکە بۆ شانازیکردن بە دەزگایەکی میدیایی کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە توانیویەتی پێگە و کاریگەریی خۆی بپارێزێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆك بارزانی هیوای بەردەوامیی سەرکەوتن و درەوشانەوەی زیاتری بۆ دەزگای ئەلمەدا و تەواوی کادیرەکانی خواستووە لەپێناو خزمەتکردن بە نیشتمان و گەیاندنی ڕاستییەکان.
ڕۆژنامەی ئەلمەدا کە یەکێکە لە ڕۆژنامە دیارەکانی عێراق، لە ماوەی 24 ساڵی ڕابردوودا وەک ناوەندێکی گرنگی فیکری و سیاسی و کلتووری ناسراوە و توانیویەتی ببێتە سەکۆیەک بۆ دەنگە جیاوازەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.