Erbil 31°C سێشەممە 04 ئاب 02:58

دەزگای خێرخوازیی بارزانی یادی 21 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە

100%

دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ دووشەممە (3ی ئابی 2026)، یادی 21 ساڵەی دامەزراندنی و دەستپێکردنی کاروانە مرۆییەکەی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە، هاوکات جەختی لەسەر بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی بۆ لێقەوماوان و ئاوارەکان کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بەم بۆنەیەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم 21 ساڵە پڕ بووە لە تێکۆشانی بەردەوام لە پێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و دەستگیرۆیی بۆ سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. دەزگاکە جەختی کردەوە کە ئەرکەکانیان بە بێ جیاوازی بۆ هاوڵاتیانی خۆجێی، ئاوارە و پەنابەران ئەنجام داوە، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیی.


دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پەیامەکەیدا، وتەیەکی ناوداری مستەفا بارزانی (بارزانیی نەمر)ی کردووەتە هەوێنی کارەکانی کە دەڵێت: "شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت." لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم چەمکە مرۆییە هێز و ورەی بێپایانی پێ بەخشیوون تاوەکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شایستەتر خزمەتی گەلەکەیان بکەن و تەمەنی خۆیان بۆ ئاوەدانی و خێخوازی تەرخان بکەن.


لە یادی 21 ساڵەی تێپەڕبوونی ئەم کاروانەدا، دەزگاکە پەیمانی نوێ کردەوە کە بە هەمان ئیرادەی پۆڵایین و گوڕوتینی جارانەوە لەسەر ڕێبازی خزمەت بەردەوام دەبێت. هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوپاسی تەواوی ئەو دڵسۆز، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەخشەران و کارمەندانەی کرد کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا بەشێکی سەرەکی بوون لە سەرکەوتن و دەستکەوتە مرۆییەکان.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکێکە لە چالاکترین ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ناوچەکەدا، کە لە چەندین قەیرانی مرۆیی و سروشتیدا، چ لە ناو هەرێمی کوردستان و چ لە دەرەوەی وڵات، دەورێکی بەرچاوی لە گەیاندنی هاوکاریی خێرا و فریاگوزاریی پزیشکی و خۆراکیدا گێڕاوە.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.