کلاودیۆس شێفەر، سەرۆکی ڕابیتەی خولەکانی تۆپی پێی ئەوروپا، ڕایگەیاند کە بەردەوامبوونی جیانی ئینفانتینۆ لە پۆستی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (FIFA) بووەتە کارێکی ئەستەم، ئەمەش دوای شکستهێنانی پڕۆژەکەی بۆ فرۆشتنی پشکی مافە بازرگانییەکانی مۆندیال.
شێفەر کە ڕابیتەکەی نوێنەرایەتی 53 خولی تۆپی پێی پیاوان و خانمان دەکات، ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا یەک ئەنجام چاوەڕێی ئینفانتینۆ دەکات، ئەویش دوای ئەوەی پڕۆژەکەی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی گەورەی لەلایەن یەکێتییە کیشوەرییەکانەوە لێکەوتەوە.
سەرۆکی ڕابیتەی خولەکان لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (SonntagsZeitung)ـی سویسری گوتی: کاتێک دەبینین ئەم پرسە چۆن پەرەی سەندووە و ئۆرگانە سەرەکییەکانی فیفا بەشدارییان لەم بڕیارەدا نەکردووە، بەزۆری لە هەر کۆمپانیا یان یەکێتییەکدا بێت تەنیا یەک ئەنجام (دەستلەکارکێشانەوە) دەبێت.
شێفەر لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئینفانتینۆ ئێستا وەک سەرۆکی فیفا قبوڵکراو نییە، گوتی: بەزۆری ئەوە ئەنجامەکەیە کاتێک کەسێک لەناو کۆمپانیایەکدا گرێبەستێکی بازرگانی بەو شێوەیە بەرەو پێش ببات بێ ئەوەی کەس ئاگاداری بێت.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە ئینفانتینۆ ڕۆژی هەینی ڕابردوو هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکەی ڕاگەیاند، هاوکات هەریەک لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (UEFA) و یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست و کارایبی (CONCACAF) دوێنێ شەممە ڕایانگەیاند کە متمانەیان بە سەرکردایەتییەکەی ئینفانتینۆ نەماوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.