دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی کرد کە وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە سەر دەستپێكردنەوەی هێرش و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە دژی ئێراندا، ئەگەر نەگاتە سەرجەم ئەو ئامانجانەی كە لە ئێران دەیەوێت.
میدیاكانی فرەنسا پرسیاریان لە دۆناڵد ترەمپ كرد دەربارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەكان لە دژی ئێران، ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی دانەوە "ئەگەر 100% ئەوەی دەمانەوێت بەدەستی نەهێنین، بە دڵنیاییەوە دەگەڕێینەوە سەر ڕێگەچارەی سەربازی و دەستپێكردنەوەی هێرشەكان".
گوتیشی: هەرچەندە ئەمریکا لە چەند ڕۆژی رابردوودا دانوستانێكی زۆر جدی لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە، بەڵام لە هەمانكاتدا ئامادەیە بگەڕێتەوە سەر بژاردەی سەربازی ئەگەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەگەنە ئەو ئامانجانەی ئەمریکا دەیەوێت.
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت كە لە رۆژی هەینی ڕابردووەوە هێرشەكان بۆ سەر ئێران وەستێنراون، دوای ئەوەی وڵاتانی نێوەندگیر داوایان كردبوو دوایین دەرفەت بە دانوستانەكان و ئێران بدات.
دانوستانەكانی چەند رۆژی رابردووی ئەمریكا و ئێران، بە نێوەندگیری عومان و بە بەشداری هەریەك لە وڵاتانی قەتەر، پاکستان و میسر بەڕێوەچووە.
گفتوگۆكان لەنێوان هەردوولا بەردەوامە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییە بازرگانییەكان، تا ببێتە هەنگاوێک بۆ دەستپێکردنی دانوستانی بەرفراوانتر دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.