لە شاری لاهور لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان، بەهۆی بارانی بەخوڕی وەرزییەوە خانووێک داڕما و لە ئاکامدا 11 کەس گیانیان لەدەست دا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئامیر بووت كە جێگری پارێزگاری لاهور لەبارەی رووداوەكە ڕایگەیاند: تەواوی قوربانییەکان ئەندامی یەک خێزانن، هاوکات تیمەکانی فریاگوزاری لە گەڕەکەکەدا توانیویانە تەرمی قوربانییەکان لە ژێر داروپەردووی خانووەکەدا دەربهێنن.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ماوەی مانگێكدا بەهۆی ڕووداوەکانی پەیوەست بە بارانی بەخوڕ و لافاو (لەنێویان خنکان و داڕمانی خانوودا) 121 کەس لە سەرتاسەری پاكستان گیانیان لەدەستداوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەم هەفتەیەدا، نزیکەی 12 گوند لە دەوروبەری شاری لاهور ژێرئاو کەوتوون و دانیشتووانەکەی ناچار بوون بە بەلەم ناوچەکانیان جێبهێڵن.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، شەپۆڵە باراناوییە وەرزییەکانی باشووری ئاسیا وێرانکەرتر و مەترسیدارتر بوون و پێشبینیکردنیان ئەستەمتر بووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.