ئاندی بێرنهام، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە (30ی تەممووزی 2026)، پلانێکی ستراتیژیی بۆ وەبەرهێنانی گەورە لە سیستەمی "ڕێگریی ئەتۆمی"ی (Nuclear Deterrent) وڵاتەکەی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پارێزبەندیی نیشتمانی و ڕەخساندنی هەزاران هەلی کارە.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، بێرنهام ئاشکرای کرد کە ئەم پڕۆژە نوێیە دەبێتە هۆی پاڵپشتیکردن و ڕەخساندنی 22,000 هەلی ڕاهێنانی پیشەیی (Apprenticeships) بۆ گەنجان. سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئاسایشی وڵات "ئەرکی یەکەمی هەر حکوومەتێکە"، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ئاسایش تەنها پەیوەندی بەو شتانەوە نییە کە بونیادی دەنێین، بەڵکو پەیوەندی بەو کەسانەشەوە هەیە کە ئەو ئامرازانە دروست دەکەن
بێرنهام تیشکی خستە سەر گرنگیی شاری "بارۆ" (Barrow-in-Furness)، کە ناوەندی سەرەکیی بەرهەمهێنانی ژێردەریاییە جەنگییەکانە، و ڕایگەیاند: "ئەو ژێردەریاییانەی لە بارۆ بەرهەم دەهێنرێن، پارێزگاری لە هەموومان دەکەن، هاوکات ئەو هەلی کار و ڕاهێنانانەی دەیانڕەخسێنن، ژیانی خەڵک دەگۆڕن." ئەو وتیشی کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە کارنامەی حکوومەتەکەی بۆ ئەوەی بەریتانیا جارێکی دیکە "پیشەسازی بکرێتەوە."
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ڕاگەیاندنەی بێرنهام نیشانەی پابەندیی بەردەوامی لەندەنە بە هێزی ئەتۆمیی وڵاتەکەی، لە کاتێکدا کە بارودۆخی جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕانکاریی توندی ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت. ئەم وەبەرهێنانە نەک تەنها وەک هەنگاوێکی سەربازی، بەڵکو وەک پڕۆژەیەکی گەورەی ئابووری دەبینرێت بۆ پشتیوانیکردنی گەنجان و کەرتی پیشەسازیی قورس لە بەریتانیا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.