Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 10:16

توسك: بەهۆی هێرشەكانی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆكراینا ئاسمانی پۆڵەندا بەزێندرا

100%

دۆناڵد توسك، سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا، ڕایگەیاند كە لە كاتی هێرشە مووشەكییە بەرفراوانەكانی ئەمڕۆی ڕووسیا بۆ سەر ڕۆژئاوای ئۆكراینا، ئاسمانی وڵاتەكەی (پۆڵەندا) بەزێندراوە و بەو هۆیەشەوە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام دراوە.

سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا لە پەیامێكدا لە هەژماری فەرمیی خۆی ڕایگەیاند، كە بەهۆی ئەم پێشهاتە ئەمنییەوە، لێژنەیەكی هەماهەنگیی باڵای بە بەشداریی وەزیری بەرگری و بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەكان پێكهێناوە. توسك ئاماژەی بەوە كرد كە تیمە پسپۆڕەكان بۆ ماوەی چەندین كاتژمێرە لە شوێنی ڕووداوەكە خەریكی كۆكردنەوەی زانیارین و بە شێوەیەكی ڕێكخراو وردەكارییەكان دەگەیەننە سەرۆكایەتی وەزیران.

ئەم پێشێلكارییە لە كاتێكدایە كە ڕووسیا خولێكی نوێی هێرشە مووشەكییە چڕەكانی بۆ سەر ناوچەكانی ڕۆژئاوای ئۆكراینا دەستپێكردووە، كە هاوسنوورن لەگەڵ وڵاتی پۆڵەندا. ئەمە یەكەمجار نییە كە پاشماوەی مووشەك یان ئامرازە جەنگییەكان دەگەنە ناو خاكی پۆڵەندا، كە وەك ئەندامێكی كاریگەری هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) هەژمار دەكرێت.

چاودێرانی سەربازی ئاماژە بەوە دەكەن، كە بەزاندنی ئاسمانی وڵاتێكی ئەندامی ناتۆ لە لایەن ڕووسیاوە، بارگرژییەكان لە ئەوروپا دەباتە قۆناغێكی مەترسیدارتر. حكومەتی پۆڵەندا تاوەكو ئێستا وردەكاریی زیاتری لەسەر جۆری ئەو تەنەی كە ئاسمانی وڵاتەكەی بەزاندووە بڵاونەكردووەتەوە، بەڵام جەختی لەوە كردووەتەوە كە لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ پاراستنی سەروەریی خاكەكەیان.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.