دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی کۆچ و ماڵئاوایی پڕ لە سۆز و ئایینیدا، ڕێزی لە ژیان و کاروانی سیاسیی سیناتۆری کۆچکردوو لیندزی گراهام گرت و بە جەنگاوەر و نیشتمانپەروەرێکی خۆڕاگر وەسفی کرد.
دۆناڵد ترەمپ لە واشنتۆنەوە و بە گەڕانەوە بۆ دەقە ئایینییەکان (ئینجیل)، لە هەژماری فەرمیی خۆی نووسیویەتی: دەقە پیرۆزەکان پێمان دەڵێن؛ پیرۆزە ئەو پیاوەی لە ژێر تاقیکردنەوەدا خۆڕاگر دەمێنێتەوە، چونکە کاتێک لە تاقیکردنەوەکە دەردەچێت تاجی ژیان وەردەگرێت. ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە گراهام بۆ ماوەی 71 ساڵ بە بەهێزی و خۆڕاگری ماوەتەوە.
لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا چەندین ناسناوی بۆ سیناتۆرە کۆچکردووەکە بەکارهێناوە و دەڵێت: وەک برا، سیناتۆر، جەنگاوەر و نیشتمانپەروەرێک، ئەو بەرگەی هەموو تاقیکردنەوە و ناخۆشییەکی گرت. ترەمپ بە باوەڕێکی ئایینییەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێستا گراهام لە بەهەشتدا تاجی ژیانی لەسەر ناوە و لای دایک و باوکی و خودای خۆی شاد بووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ بە زمانێکی زۆر کەسی ڕووی دەمی کردە هاوڕێیە کۆچکردووەکەی و نووسیویەتی: لیندزی، ئێمە تۆمان خۆش دەوێت، خودا پیرۆزت بکات، ئێمە هەمیشە لەگەڵت دەبین و تۆ کەسێکی زۆر زۆر تایبەت بوویت.
ئەم پەیامەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە تەرمی لیندزی گراهام گەیەندراوەتە تەلاری کاپیتۆڵ لە واشنتۆن بۆ ئەوەی ڕێزی فەرمیی لێ بنرێت. گراهام کە لە 11ی تەممووزدا کۆچی دوایی کرد، لە ساڵانی دواییدا وەک یەکێک لە نزیکترین و کاریگەرترین هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی دۆناڵد ترەمپ لەناو پارتی کۆماریدا دەبینرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.