دوای سێ رۆژ لە دابەزینی بەردەوام، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بازدانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر بەرمیلێک زیاتر لە 3 دۆلار چووە سەرێ. ئەم بەرزبوونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی بازاڕ، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتە 87.39 دۆلار، ئەمەش دوای زیادبوونی 3.30 دۆلار کە دەکاتە رێژەی 3.9%. هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکی (WTI) بە رێژەی 3.8% بەرزبووەوە و گەیشتە 82.31 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەم وەرچەرخانە لە نرخەکاندا دوای ئەوە هات کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، چەند مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاندووە کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرابوون. جگە لە هۆکارە سیاسی و سەربازییەکان، مەترسییەکان سەبارەت بە پەککەوتنی گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز و کەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی ئەمریکا (بەپێی داتا سەرەتاییەکانی پەیمانگەی پترۆلی ئەمریکی)، هۆکارێکی دیکەی گرانبوونی نرخی وزەن لە جیهاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.