گرووپی حووسییەکانی یەمەن، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (28ی تەممووزی 2026)، ڕایانگەیاند کە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا کەشتییەکی نەوتەکێشی شانشینی سعوودیەیان لە ئاوەکانی دەریای سوور کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک پەرەسەندنێکی نوێی مەترسیدار لە ئاسایشی دەریاوانیی ناوچەکەدا دەبینرێت.
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان جەختی کردەوە کە هێرشەکە لە وەڵامی ئەو "دوژمنکارییانە" دێت کە بەرامبەر بە یەمەن ئەنجام دەدرێن، و هۆشدارییان دا کە بەردەوام دەبن لە بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی سعوودیە لە ناوچەکەدا.
تاوەکو ئێستا بەرپرسانی شانشینی سعوودییە یان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە فەرمی قەبارەی زیانەکانی ئەم هێرشە و ناسنامەی کەشتییەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ئەم ڕووداوە لە کاتێکی یەکجار هەستیاردا دێت. تەنها چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە واشنتۆن کۆماری ئیسلامی ئێران بە بەرپرسیاری هەر هێرشێکی حوسییەکان دەزانێت و هەر کردەوەیەکی لەو شێوەیە بە "سزایەکی قورسی سەربازی" بۆ سەر تاران و حوسییەکان وەڵام دەدرێتەوە.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ئامانجگرتنی نەوتەکێشەکان لە دەریای سوور، فشارێکی یەکجار زۆر دەخاتە سەر بازاڕی جیهانیی وزە، کە پێشتر بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە نرخی یەک بەرمیل نەوتی گەیاندبووە 100 دۆلار. ئەم هێرشە نوێیە مەترسیی پەککەوتنی یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوتی جیهانی زیاتر دەکات و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی خولێکی نوێی بۆردومانە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکە بەهێزتر دەکات، سەرەڕای ئەوەی ترامپ ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا دەرفەتیان داوەتە گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان.
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بەردەوامن، بەڵام ئەم جۆرە پێکدادانە مەیدانییانە ئاسۆی گەیشتن بە ڕێککەوتن ئاڵۆزتر دەکەن. پەیامی حوسییەکان نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان چیتر پابەندی ئەو ئارامییە نین کە لە ماوەی ڕابردوودا لە دەریای سووردا هەبوو، ئەمەش هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی لوتکە بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.