ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕایگەیاند کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێی ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی توانای هەیە ڕۆژانە بڕی 1 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی تورکیا بکات.
ئەم لێدوانەی سەرۆک کۆماری تورکیا لە کاتی پێشوازیکردنی لە وەفدێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی ئەلزەیدی لە ئەنقەرە هات. ئەم ئۆفەرەی بەغدا لە کاتێکدایە کە هەردوو وڵات خەریکی تاووتوێکردنی پەرەپێدانی هاوکارییە ستراتیژییەکانن، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا کە لە ئێستادا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە تووشی شڵەژان بووە.
چاودێرانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە هەناردەکردنی ئەم بڕە زۆرەی نەوت بۆ تورکیا، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر بازاڕی جیهانی، بەتایبەتی دوای ئەوەی نرخی نەوت بەربەستی 100 دۆلاری بڕی. لەبەر ئەوەی گەرووی هورمز لەژێر هەڕەشەی داخستن و گەمارۆی دەریایی ئەمریکادایە، تورکیا دەبێتە گرنگترین ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ گەیاندنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان.
پێشبینی دەکرێت لە بەرامبەر ئەم هاوکارییە نەوتییەدا، عێراق داوای ئاسانکاریی زیاتر لە تورکیا بکات لە دۆسیەی پشکی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، کە یەکێکە لە کێشە هەرە لەپێشینەکانی حکومەتەکەی ئەلزەیدی. هەروەها هەماهەنگیی ئەمنی لە سنوورەکان و پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" بەشێکی دیکەی ئەو گفتوگۆ چڕانە دەبن کە بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا لە نێوان هەردوو سەرۆکدا بەردەوام بن.
تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق وردەکاریی زیاتری لەبارەی میکانیزمی هەناردەکردنی ئەم ملیۆن بەرمیلە و ئایا لە ڕێگەی بۆریی نەوتی جیهان-کەرکووک دەبێت یان ڕێگەی دیکە، بڵاونەکردووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.