Erbil 31°C سێشەممە 28 تەمووز 21:43

وەزیری تەندروستی بینای نوێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سۆرانی بەسەرکردەوە

100%

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تەممووزی 2026، سەردانی شوێنی نوێی دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆرانی کرد، کە دوای نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی، ئامادە کراوە بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری کارگێڕی و تەندروستیی ناوچەکە.

لەو سەردانە مەیدانییەدا، کە د. ڕەعد نەجمەدین، ڕاوێژکاری وەزارەتی تەندروستی یاوەری دەکرد، لە لایەن د. کامران مەلا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران و تیمی پزیشکان و کارمەندانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە پێشوازییان لێکرا. وەزیری تەندروستی لە نزیکەوە بەشە جیاوازەکانی بیناکەی بەسەرکردەوە و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە شوێنە نوێیەکەیان لێکردن.


لە پەراوێزی سەردانەکەدا، کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی گەنگەشەکردنی بارودۆخی تەندروستیی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوەچوو. تێیدا باس لە ئاستی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، کێشە و گرفتە تەکنیکییەکان و ئەو پێشنیارانە کرا کە ئامانج لێیان پەرەپێدانی کەرتی تەندروستییە لە ناوچەکەدا.


د. سامان بەرزنجی خۆشحاڵی خۆی بە فراوانکردنی ژێرخانی کارگێڕیی تەندروستی لە سۆران دەربڕی و جەختی لەسەر "تەواوی پاڵپشتی و هەماهەنگیی وەزارەت" بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکە کردەوە. وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوانە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی هاوڵاتیان و نەخۆشاندایە، تاوەکو بتوانرێت لە داهاتوودا خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی خێراتر و کوالێتییەکی بەرزتر بگەنە دەستی دانیشتووانی دەڤەرەکە.

ئەم سەردانە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی وەزارەتی تەندروستی دەبینرێت بۆ بەهێزکردنی دامودەزگاکانی دەرەوەی پایتەخت و دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی کارەکان بەپێی ستانداردە نوێیەکان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.