Erbil 31°C سێشەممە 18 ئاب 01:10

بۆ سەركۆنەی هێرشەكەی سەر نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت، فوئاد حوسێن پەیوەندی بە عەباس عێراقچییەوە دەكات

100%

وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشە درۆنییەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بۆ سەر نووسینگەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە پیرمام، پەیوەندی بە هاوتا ئێرانییەكەی كردووە و بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە بێ پاساوەی كردووە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئابی 2026، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانی ئەنجام دا، بۆ تاوتوێکردنی ئەو هێرشەی کە لە ڕێگەی درۆنی جۆری «حەدید 110» کرایە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

فوئاد حسێن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران لە هێرشەكانی پێشوو بیانووی حزب یان گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە هەرێم بە پاساو دەهێنایەوە، بەڵام هێرشی ئەم دواییە ڕاستەوخۆ نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیی كوردستانی کردووەتە ئامانج، ئەمەش پێشینەیەکی مەترسیدارە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات.

وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە بێ ‌پاساوەی کردووە و داوای ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی فەرمیی ئێرانی کردووە. جەختیشی کردۆتەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە ئاڵۆزبوونی مەترسیدارن و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکە بەگشتی دەبێت.

لە بەرامبەریشدا، عەباس عێراقچی سەرسوڕمانی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە دەربڕیوە و ڕوونی کردووەتەوە کە هیچ زانیارییەکی نییە سەبارەت بە ئەنجامدانی هێرشەکە لە خاکی ئێرانەوە.

عێراقچی جەختیشی کردەوە کە هیچ پاساوێک بۆ کردەوەی لەو شێوەیە نییە لە سایەی پەیوەندییە ئەرێنی و بەهێزەکانی نێوان حکوومەتی ئێران و حکوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەگەڵ دوو حزبە سەرەکییەکەی هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها بڵاوی كردۆتەوە: لە کۆتاییدا پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا فوئاد حسێن داوای لەلایەنی ئێرانی کردووە هەڵوێستی فەرمیی خۆیان سەبارەت بە هێرشەکە و لایەنە ئەنجامدەرەکانی ڕابگەیەنن. عێراقچیش بەڵێنیداوە کە بەیاننامەیەکی فەرمی بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی حکوومەتی ئێران لەسەر ڕووداوەکە بڵاو بکەنەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.