Erbil 31°C دووشەممە 17 ئاب 23:00

موقته‌دا سه‌در: لێدانی هەرێمی کوردستان کارێکی جێگەی خەمە

100%

موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی نیشتمانیی شیعه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (17ی ئابی 2026)، كاردانه‌وه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ هێرشه‌ درۆنییه‌كانی سه‌ر خاكی عێراق ده‌ربڕی و ڕایگه‌یاند كه‌ بۆردومانكردنی وڵات له‌لایه‌ن ئێرانییه‌كان كارێكی یه‌كجار خه‌مناكه‌.

سه‌در جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ پاراستنی سه‌روه‌ریی عێراق ئه‌ركێكی سه‌ره‌كییه‌ و نابێت ڕێگه‌ به‌ پێشێلكردنی بدرێت.

سه‌در لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک عێراق لەلایەن دوژمنانەوە بۆردومان دەکرێت، ئەوە جێگەی شانازییە کە بەرگری لێ دەکەین، بەڵام "لێدانی خاکی عێراق بە درۆنی براکانمان لە ئێران، شتێکی خەمناکە." ئەو ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر هەر بەرپرسێکی عێراقی بێت، چ لە بەغدا بێت یان لە کوردستان یان لە هەر شوێنێکی تری خاکی عێراق، بە هەمان شێوە قبووڵنەکراوە.

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعه‌ داوای لە فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران کرد کە چیتر خاکی عێراق بۆردومان نەکەن. ئەو هۆشداری دا کە ئەم جۆرە کارانە دەرفەت دەداتە دەست دوژمنان تاوەکو بە بارودۆخی وڵاتەکە خۆشحاڵ بن و درز بخەنە ناو پەیوەندییەکانەوە.

ئەم هەڵوێستەی موقته‌دا سه‌در دوای هێرشە درۆنییەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دێت بۆ سەر شارۆچکەی پیرمام، کە تێیدا نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج. سه‌در بەم پەیامەی دەیەوێت جارێکی تر جەخت لەسەر سەربەخۆیی بڕیاری عێراقی بکاتەوە و ڕێگری لە دەستوەردانی سەربازیی وڵاتانی دراوسێ بگرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.