بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، هێزەکانیان کەسێکیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی دزیکردن لە ناوچەی پیشەسازی دەستگیرکردووە، کە پێشتر لەسەر چەند تاوانێکی دیکە سزادراوە.
عەقید سۆران محەمەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، تۆمەتبارەکە بە ناوی (م. ح. م.)، لەدایکبووی ساڵی 1990ـە. بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ناوبراو لە دوکانێکی ناوچەی پیشەسازیی کەلار چەندین کەلوپەلی گرانبەهای وەک کێبڵ، کۆسەرەی کارەبایی، هاردی کامێرای چاودێری، شاشە و ئامێرێکی گەورەی لەحیمکردنی دزیوە، هاوکات هەوڵی شکاندنی دوکانێکی دیکەشی داوە بە مەبەستی دزیکردن.
گوتەبێژی پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەم تۆمەتبارە پێشینەی تاوانی هەیە و پێشتر لەسەر تۆمەتی دزیکردن و تێوەگلان لە کێشەی ماددە هۆشبەرەکان، حوکمی زیندانیکردنی بۆ دەرچووە و سزادراوە.
لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی، تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە و ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەری بەردەوامن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.