Erbil 31°C سێشەممە 28 تەمووز 19:04

ئاگرێکی گەورە لە نزیک ناوچەی 51ی ئەمریکا کەوتەوە

100%

ئاگرێکی بەرفراوان لە نێو زەوییە سەربازییە قەدەغەکراوەکانی ویلایەتی نیڤادای ئەمریکا کەوتووەتەوە، کە بنکەی نهێنیی ناوچەی 51 (Area 51) دەگرێتەوە، ئەمەش شەپۆلێکی نوێی لە دەنگۆ و بیردۆزەکانی پیلانگێڕی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئاگرەکە کە ناوی "کوایل سپرینگس"ی لێنراوە، لە ڕۆژی شەممەوە دەستی پێ کردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 4,400 فەدان (نزیکەی 18 کیلۆمەتر چوارگۆشە) زەوی سووتاندووە. شوێنی ڕووداوەکە دەکەوێتە شارستانی لینکۆڵن لە نزیک چیای باڵد، کە بەشێکە لە گۆڕەپانی تاقیکردنەوە و مەشق و ڕاهێنانەکانی پێنتاگۆن لە ویلایەتی نیڤادا.

تاوەکو ئێستا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نەیانتوانیوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و بڵێسەکان لە ناوچە سەربازییە قەدەغەکراوەکاندا بەردەوامن لە تەشەنەسەندن. بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن، سەرەڕای گەورەیی ئاگرەکە، هیچ فەرمانێک بۆ چۆڵکردنی دانیشتووان دەرنەکراوە و هیچ مەترسییەکیش لەسەر باڵەخانە سەربازییەکان و ماڵی هاووڵاتییان نییە.

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا کە خاوەنی ئەو زەوییانەیە، ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاگرکوژێنەوە دەکات. بەرپرسانی نووسینگەی بەڕێوەبردنی زەوییەکان (BLM) ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، بای توند و نزمیی ڕێژەی شێ، ئاگرەکە خەریکی فراوانبوونە. تیمەکانی فریاگوزاری لە ئێستادا ستراتیژی گەمارۆدان و ڕێگریکردن پەیڕەو دەکەن تاوەکو ڕێگری لە گەیشتنی ئاگرەکە بە ناوچە هەستیارەکان بگرن.

هەرچەندە لایەنە فەرمییەکان ڕایانگەیاندووە کە هەورەبروسکە هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکەیە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی جیاواز بڵاوبووەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (Daily Mail)ی بەریتانی، هەندێك  لە بەکارهێنەران وا دەزانن ئاگرەکە دەرەنجامی تاقیکردنەوەی چەکی وزەی ئاڕاستەکراوە (وەک لەیزەری جەنگی)، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە ئیدیعای ئەوە دەکەن کە پێنتاگۆن بە مەبەست ئاگرەکەی کردووەتەوە تاوەکو بەڵگەکانی پەیوەست بە کائناتە فەزاییەکان بسووتێنێت و لەناوی ببات.

ناوچەی 51 بەهۆی ئەو نهێنییە زۆرەی دەوری داوە، لەسەر ئاستی جیهان وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ بیردۆزەکانی پیلانگێڕی سەبارەت بە قاپە فڕیوەکان و تاقیکردنەوەی فڕۆکە و چەکە نهێنییەکان دەبینرێت. هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی زانستی بۆ ئەو ئیدیعایانە نییە، بەڵام هەر ڕووداوێکی نائاسایی لەو ناوچەیەدا دەبێتە تەوەری گەرمی باس و خواستە میدیاییەکان.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.