ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و ڕایگەیاند، هەر دەوڵەت یان کۆمپانیایەک ئەو سامانە بلۆککراوانەی ئێران وەربگرێت کە لە لایەن ئەمریکاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، چیتر ڕێگەی پێنادرێت کەشتییەکانی بە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا تێپەڕ بن.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، بەرپرسانی تاران جەختیان کردەوە کە ئەم بڕیارە سەرجەم ئەو وڵات و کۆمپانیا تایبەتانە دەگرێتەوە کە هاوکاریی واشنتۆن دەکەن لە پڕۆسەی "دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی" سامانەکانی ئێران. تاران ڕایگەیاندووە: "هەر وڵات یان کۆمپانیایەک دەست بۆ سەروەت و سامانی ئێمە ببات، دەبێت باجەکەی لە ئاسایشی دەریاوانیی خۆیدا بدات و ناتوانێت گەرووی هورمز بەکاربهێنێت."
ئەم هەڕەشە نوێیەی ئێران وەک پەرچەکردارێکی ڕاستەوخۆ دەبینرێت بۆ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە ڕایگەیاندبوو واشنتۆن قەرەبووی ئەو زیانانەی بەر کەشتییە بازرگانییەکان کەوتوون، لەو سامانانەی ئێران دەبڕێت کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکادان. ئێران ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بە "دزیی نێودەوڵەتی" وەسف دەکات و دەیەوێت لە ڕێگەی کارتی گەرووی هورمزەوە، لایەنەکان ناچار بکات هاوکاریی واشنتۆن نەکەن.
گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندا و ڕۆژانە یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت. هەر جۆرە ڕێگرییەک لە کەشتییەکان لەم ناوچەیەدا، دەبێتە هۆی شڵەژانی زیاتری بازاڕەکانی جیهان، لە کاتێکدا کە نرخی نەوت لە ئێستادا لە دەوروبەری 100 دۆلاردایە.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پەرەسەندنە نیشانەی "جەنگی دارایی و دەریایی" نێوان هەردوو وڵاتە. سەرەڕای ئەوەی ترەمپ ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا لە گفتوگۆدان، بەڵام ئەم جۆرە هەڕەشانە نیشانی دەدەن کە هێشتا متمانە لە نێوان لایەنەکاندا بوونی نییە و ئەگەری هەڵگیرسانەوەی خولی نوێی پێکدادانەکان زۆر بەهێزە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.