وەزارەتی کارەبا ڕاگەیاندنی داشکاندنی بە ڕێژەی %50 بۆ قەرزی پێش پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، لە نێوان 3ـی ئاب تا 10ـی ئەیلولی 2026، جێبەجێ دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی تەمووز، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی کردووەتەوە، داشکاندنەکە تەنیا قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی دەگرێتەوە و پارەی پسوولەکانی ڕووناکی ناگرێتەوە. بۆ سوودمەندبوون لەم داشکاندنەش، هاوبەشان پێویستە بەیەکجار تەواوی بڕی داشکێندراوی قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی بدەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، وەک بەشێک لە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم داشکاندنە، پارەدانی کارەبا لە ڕێگەی ئی-پسوولە و هۆبەکانی فرۆشیاری وزە بۆ ماوەیەکی کاتی لە نێوان 30 تەمووز بۆ 3ـی ئاب بەردەست نابێت.
وەزارەتەکە داوا لە هاوبەشان دەکات کە پارەی پسوولەکانی ڕووناکی پێش 30ـی تەمووز بدەن، بەر لەوەی خزمەتگوزاری پارەدان بۆ ماوەیەکی کاتی بوەستێت. ئەمەش بۆ لەبەرچاوگرتنی ماوەی پارەدانی 50 ڕۆژی کارەبایە کە دەبێتە هۆی دادپەروەری لە پڕۆسەی پارەدان لەنێوان هاوبەشاندا.
وەزارەتی کارەبا جەختی کردووەتەوە، ئەمە دوایین جارە داشکاندن بۆ قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی ئەنجام بدرێت، کە تییایدا هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی و دەرەوەی ڕووناکی دەتوانن بەم ڕێژانە سوودمەندبن:
%50 -داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی.
%25 -داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری جگە لەو هاوبەشانەی کە فیدەری تایبەت بەخۆیان هەیە.
وەزارەتی کارەبا ڕوونی کردووەتەوە، خێراترین ڕێگە بۆ پارەدان بریتییە لە ئی-پسوولە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان دووربکەونەوە لە قەرەباڵخی هۆبەکانی فرۆشیاری وزە. ئەم داشکاندنە پارەدان لەڕێگەی کارمەندانی کۆکەرەوەی پارەی پسوولەی کارەبا ناگرێتەوە.
لە کۆتاییدا وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوە لە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناکی و کۆتاییهێنان بە قەرزە کۆنەکانی پێش ڕووناکی، هاوبەشان پێویستە پابەندبن بە دانەوەی ئەم قەرزانە. بۆ هەندێک هاوبەش کەڵەکەبوونی قەرزی کۆن لەسەریەک وای کردووە دانەوەیان زەحمەتتربێت. ئاماژە بەوەش کراوە، وەزارەت ئاسانکاریی دەکات تاوەکو لە ڕێگەی ئەم داشکاندنە یەکجارەییە یارمەتیی هاوبەشان بدات بتوانن قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی بدەنەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، لە قۆناغی نوێدا پێویستە پارەی پسوولەکان لە کاتی خۆیدا بدرێن، ئەمەش لە ڕێگەی میکانیزمی 50 ڕۆژی پارەدانی پسوولەی کارەبا کە وادەکات دادپەروەری بۆ هەمووان دابین بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.