ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی نوێ کە لە ساڵی 2026 بڵاوکراوەتەوە، پەیوەندییەکی ئەرێنیی لە نێوان دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی نێرینە (تێستۆستیرۆن) لەو پیاوانەدا دۆزیوەتەوە کە کێشیان زۆرە.
لێکۆڵینەوەکە کە لەلایەن پسپۆڕانی کۆلێژی پزیشکیی "وارویک" لە بەریتانیا ئەنجامدراوە، تیشک دەخاتە سەر دەرمانەکانی گرووپی (GLP-1) وەک "ئۆزێمپیک" (Ozempic) و "ویجۆڤی" (Wegovy). ئەم دەرمانانە لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەری شەکرە و قەڵەوی بەکاردێن، بەڵام دەرکەوتووە کاریگەرییان لەسەر هاوسەنگیی هۆرمۆنەکانیش هەیە.
بەپێی ڕوونکردنەوەی پزیشکەکان، ئەم دەرمانانە ڕاستەوخۆ کار لەسەر ڕژێنەکان ناکەن بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆن، بەڵکو لە ڕێگەی "دابەزاندنی کێشەوە" ئەو پڕۆسەیە دەوەستێنن کە تێیدا چەورییە زیادەکانی جەستە هۆرمۆنی نێرینە دەگۆڕن بۆ هۆرمۆنی مێینە (ئیسترادیۆڵ). کاتێک چەوریی جەستە کەمی کرد، ئاستی هۆرمۆنی نێرینە بە شێوەیەکی سروشتی بەرز دەبێتەوە.
لێکۆڵینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە قەڵەوی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی تێستۆستیرۆن، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە، لەوانە:
- کەمبوونەوەی ئارەزووی سێکسی و بێهێزیی ئەندامی نێرینە.
- کەمبوونەوەی بارستەی ماسولکەکان و لاوازبوونی ئێسک.
- هەستکردن بە ماندوێتیی بەردەوام و خەمۆکی.
سەرەڕای ئەنجامە ئەرێنییەکان، شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ڕێکخراوی دەرمان و خۆراکی ئەمریکی (FDA) تاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەم دەرمانانەی تەنها بۆ مەبەستی زیادکردنی هۆرمۆن پەسەند نەکردووە. جەختیش دەکەنەوە کە پێویستە بەکارهێنانیان تەنها لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکی پسپۆڕدا بێت.
لە کۆتاییدا، پسپۆڕان دووپاتی دەکەنەوە کە پەیڕەوکردنی ژیانێکی تەندروست، وەرزشکردنی بەردەوام و خەوی ڕێك، باشترین ڕێگەن بۆ پاراستنی هاوسەنگیی هۆرمۆنەکان و تەندروستیی گشتی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.