Erbil 31°C سێشەممە 28 تەمووز 16:28

لە دهۆک 50 هەزار تۆنی تر لە گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت

100%

کۆمپانیایەک لە سنووری قەزای سێمێل دەست بە وەرگرتنی 50 هەزار تۆنی تر لە گەنمی جووتیارانی دهۆک دەکات بۆ بەرهەمهێنانی ئارد.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، بە ئامادەبوونی دژوار شەوکەت، قایمقامی سێـمێل و  ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆك، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی دەڤەرەکە، سەردانی کارگەی دەستار بۆ بەرهەمهێنانی ئارد لە سنووری قەزای سێمێل'ـی کرد و لەلایەن کارگێڕیی کارگەکەوە پێشوازییان لێ کرا.

پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی و پاڵپشتیی بەردەوام بە چینی جووتیاران دەدرێت".

هاوکات ئاشکرای کرد: "ساڵانە حکوومەتی عێراق ڕێژەیەکی کەمی بەرهەمی جووتیاران وەردەگرێت، بەڵام جێگەی دڵخۆشییە کە دوای کەوتنەکاری کارگەی دەستار، توانراوە بە شێوەیەکی باش هاوکاریی تەواوی جووتیاران بکرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمساڵ کارگەکە توانای وەرگرتنی نزیکەی 50 هەزار تۆن گەنمی هەیە، ئەمەش وەک هەنگاوێکی کەرتی تایبەت دەبێتە بارسووکی بۆ حکوومەت و جووتیاران، هاوکات هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی ئارد بە کوالێتییەکی زۆر باش لە دەڤەرەکەدا.

پێشتر، نازم محەمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵە لە دهۆک ڕایگەیاندبوو: "لە کۆی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی دهۆک، تەنیا %13ـی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە وەردەگیرێت، واته‌ لە کۆی 700 هەزار تۆن بەرهەم، حکوومەتی عێراق تەنیا 115 هەزار تۆن گەنمی دهۆک وەردەگرێت و چارەنووسی %87ـی گەنمەکە نادیارە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.