دوێنێ ئەمشەو، تەرمی ئافرەتێک لە نزیک گوندی "تازەدێ" بە کوژراوی دۆزرایەوە و هێزەکانی پۆلیسی گەرمیان توانییان لە ماوەیەکی کورتدا تۆمەتباری سەرەکیی ڕووداوەکە دەستگیر بکەن.
عەقید سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: کاتژمێر 11:30ی شەوی دووشەممە، هێزەکانیان لە بوونی ڕووداوێکی کوشتن لە سنووری گوندی "تازەدێ" ئاگادار کراونەتەوە. دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیس و تیمی بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاشکرای کرد، کە لە ئەنجامی بەدواداچوونی خێرا، توانرا بکوژی ئافرەتەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت. لە ئێستادا تۆمەتبار بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر کراوە.
پۆلیسی گەرمیان جەختی کردەوە کە تیمەکانیان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەی ورد بۆ ئاشکراکردنی هۆکارەکانی پشت ڕووداوەکە و چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەکە، تاوەکو ڕێکارە یاساییەکان بە تەواوی جێبەجێ بکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.