وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران بڵاوکردەوە سەبارەت بە ڕەخساندنی دەرفەتی بەشداریکردن لە چەند کۆرسێکی ڕاهێنان لە وڵاتی هۆڵەندا، کە لەسەر ئەرکی حکوومەتی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچن.
کۆرسەکان لەژێر ناونیشانی "پلاندانانی فەزایی یەکگرتوو" (Integrated Spatial Planning) ڕاگەیەندراون و ئامانج لێیان بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پیشەیی کارمەندانی کەرتی گشتییە. وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە هەر کەسێک مەرجەکانی بەرنامەکەی تێدا بێت، دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پڕۆژەی (Shiraka) داواکاری پێشکەش بکات.
ڕێکارەکانی وەرگرتنی پشتگیری
سەبارەت بە مەرجەکانی وەزارەت، خوێندنی باڵا ڕایگەیاندووە کە ئەوان هیچ مەرجێکی تایبەتیان بۆ بەشداریکردن نییە، بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر کاندیدەکە پێویستی بە نامەی پشتگیری بێت، دەبێت سەرەتا نووسراوی فەرمیی ڕەزامەندی لە فەرمانگەکەی خۆیەوە بهێنێت، تاوەکو وەزارەت بتوانێت ڕێکارەکان تەواو بکات و پشتگیریی کاندیدکردنی بۆ بکات.
کاتی پێشکەشکردن و زانیاری زیاتر
وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی کردەوە کە دوا وادە بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکان بریتییە لە ڕێکەوتی 24ی ئابی 2026. داواش لە ئارەزوومەندان دەکات پێش پێشکەشکردن، بە وردی زانیاریی ناو ماڵپەڕی کۆرسەکان بخوێننەوە تاوەکو لە وردەکاریی مەرجە تەکنیکییەکان و شێوازی خوێندنەکە دڵنیا ببنەوە.
ئەم دەرفەتە بەشێکە لە هەماهەنگییە زانستییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هۆڵەندا بۆ پەرەپێدانی توانای مرۆیی و سوودوەرگرتن لە شارەزاییە نێودەوڵەتییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.