Erbil 31°C دووشەممە 27 تەمووز 22:34

دوو برا لە کاتی ماسیگرتندا لە سەنگەسەر خنکان

100%

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (27ی تەممووزی 2026)، لە سنووری شارەدێی سەنگەسەری سەر بە قەزای پشدەر ڕوویدا، کە تێیدا دوو برا لە کاتی ماسیگرتندا لە ناو گۆلاوێکدا گیانیان لەدەست دا.

بەپێی زانیارییە مەیدانییەکان، ئەو دوو منداڵە کە ناویان (هێڤار هێمن عەبدوڵا) تەمەن 6 ساڵ و (هامنۆ هێمن عەبدوڵا) تەمەن 10 ساڵانە، لە کاتێکدا لەناو باخی خێزانەکەیاندا بوون لە نزیک شارەدێی سەنگەسەر، بە مەبەستی ماسیگرتن و بە بەکارهێنانی قولاپی دەستی چوونەتە سەر گۆلاوێکی نزیک باخەکە، بەڵام لەوێدا هەردووکیان لەیەککاتدا خنکاون.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قوربانییەکان ڕایگەیاند، کە منداڵەکان دوای دەرهێنانیان لە ئاوەکە، بەپەلە گەیەنراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی سەنگەسەر، بەڵام بەر لە گەیشتنیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدابوو. تەرمی هەردوو براکە، کە دانیشتووی شارەدێی سەنگەسەرن، بۆ ڕێکارە یاساییەکان ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراون.

ئەم ڕووداوە پڕ لە ئێشە لە کاتێکدایە کە ساڵانە لە وەرزی هاویندا، بەهۆی ڕووکردنی هاووڵاتییان و منداڵان بۆ سەرچاوە ئاوییەکان بە مەبەستی گەشت یان مەلەکردن، ڕێژەی خنکان لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە زیادبوون دەکات. بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام داوا لە دایکان و باوکان دەکەن چاودێریی وردی منداڵەکانیان بکەن و ڕێگرییان لێ بکەن لە نێزیکبوونەوە لەو گۆلاو و ڕووبارانەی کە بۆ مەلەکردن و ماسیگرتن مەترسیدارن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.