Erbil 31°C سێشەممە 28 تەمووز 23:49

ئێران لە رێگەی گەرمی زەویەوە کارەبا بەرهەم دەهێنێت

Kurdistan Ahmed
100%

ئێران بونیادنانی یەکەمین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای لە ڕێگەی "گەرمی زەوی" (Geothermal) لە ناوچەی سەبەلان بە کۆتا هێنا، ئەمەش وەک دەستکەوتێکی تەکنەلۆژیی ناوخۆیی دوای کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان لە پڕۆژەکە دەبینرێت.

وێستگەی سەبەلان کە توانای بەرهەمهێنانی 5.4 مێگاوات کارەبای هەیە و دەکرێت لە داهاتوودا تواناکەی بۆ 250 مێگاوات بەرز بکرێتەوە، پێشتر لە لایەن کۆمپانیا ئەوروپییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرا، بەڵام دوای سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر تاراندا، ئەو کۆمپانیایانە کارەکانیان تێیدا جێهێشت.


بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، کۆمپانیا ئێرانییەکان سوودیان لە تەکنەلۆژیای هەڵکەندنی بیرە نەوت وەرگرتووە بۆ گەیشتن بە ماددە گڕکانییە تواوەکان لە قووڵایی 3 کیلۆمەتری ژێر زەوی، کە تێیدا پلەی گەرمی دەگاتە نێوان 240 بۆ 250 پلەی سەدی.

لە ڕووی تەکنیکییەوە، ئەم وێستگەیە کار دەکات بۆ گۆڕینی ئاوی ژێر زەوی بۆ هەڵمێکی خێرا لە کاتی کەمبوونەوەی پەستان لەسەر ئاستی زەوی، کە دواتر ئەو هەڵمە تۆرباینە زەبەلاحەکان دەسوڕێنێتەوە و وزەی کارەبا بەرهەم دەهێنێت.

چاودێرانی پیشەسازیی وزە ئاماژە بەوە دەکەن کە تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیە لە لایەن ئێرانەوە، نیشانەی گەشەکردنی توانای ئەندازیاریی ناوخۆییە لە کاتی قەیرانەکاندا. ئەم وێستگەیە سەرەتایەک دەبێت بۆ سوودوەرگرتن لە سەرچاوە نوێبووەوەکانی وزە لە ناوچە گڕکانییەکانی وڵاتەکە، تاوەکو پشتبەستن بە سووتەمەنییە فۆسیلییەکان کەم بکرێتەوە.

 

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.