وەزارەتی بەرگریی سعوودییە ئەمڕۆ دووشەممە ئاشكرای كرد کە لە ماوەكانی رابردوودا مووشەك و درۆن لەناو خاکی عێراقەوە ئاڕاستەی وڵاتەكەیان كراوە، نموونەشی هێنایەوە كە ئەمڕۆ دووشەممە چەند درۆنێك ئاراستەی وڵاتەكەیان كراوە، بەڵام هەموویان تێکشكێنراون و لەناوبراون.
وەزارەتی بەرگریی سعوودییە ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: ئەمڕۆ چەند درۆنێك ئاراستەی وڵاتەكەمان كراون و هەوڵیانداوە دامەزراوە نەوتییەکان لە هەردوو ناوچەی ڕۆژهەڵات و ڕیاز بە ئامانج بگرن.
راشیگەیاند: ئەم هەوڵە تیرۆریستییانە لەناو خاکی عێراقەوە ئاراستەكراون و لەلایەن میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراون.
وەزارەتی بەرگریی سعوودییە جەختیشی کردەوە كە وڵاتەكەی بە مافی خۆی دەزانێت بەرگری لە خۆی بكات و هەروەها مافی وەڵامدانەوەشی لە کات و شوێنی گونجاودا هەبێت.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا وەزارەتەكەی سعوودییە رایگەیاند "پێویستە حكوومەتی عێراق تەواوی ڕێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکەکەی وەک سەکۆیەک بۆ دەستدرێژیکردن بۆ سەر سعوودییە و وڵاتانی ناوچەكە".
نەك هەر سعوودییە، لە ماوەكانی رابردوودا وڵاتانی كوێت و ئوردن و سووریا و چەند وڵاتێكی دیكەش جەختیان كردبووەوە كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران لەناو خاكی عێراقەوە مووشەك و درۆن ئاراستەی وڵاتەكانیان دەكرێن، چەند جارێكیش بە فەرمی نامەی ناڕەزایەتییان ئاراستەی حكوومەتی عێراق كردبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.