بەهۆی ڕووداوێکی تەقەکردن لە شاری سیاتڵ لە باکووری ڕۆژئاوای ئەمریکا، دوو کەس کوژران و لانی کەم چوار کەسی دیکەش بریندار بوون کە منداڵێک لە نێویاندایە.
کەناڵی تەلەفزیۆنیی ناوخۆیی کۆمۆ (KOMO) بڵاوی کردەوە، لە ڕووداوێکی تەقەکردندا لە نزیک تاوەری بەناوبانگی (سپەیس نیدڵ) دوو کەس کوژراون. تاوەرەکە بورجێکی چاودێرییە و تایبەت بۆ پێشانگەی جیهانیی (ئێکسپۆ) لە ساڵی 1962 دروست کراوە.
هەروەها پۆلیسی سیاتڵ ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەیەک کەسی دیکە بەهۆی تەقەکردنەکەوە بریندار بوون.
لە بەیاننامەیەکدا، کاتی ویڵسن، سەرۆکی شارەوانیی سیاتڵ، دەستگیرکردنی دوو گومانلێکراوی ڕاگەیاند و گوتی: " سوپاسی کارمەندانی پۆلیسی سیاتڵ دەکەم کە بەدەم ڕووداوەکەوە چوون و دوو گومانلێکراوەکەیان دەستگیر کرد".
لە لایەکی دیکەوە، سوزان گریگ، گوتەبێژی ناوەندی پزیشکیی (هاربۆرڤیو) ڕایگەیاند، ناوەندەکە چارەسەری بۆ چوار بریندار کردووە، کە پێکهاتوون لە منداڵێک، ژنێکی تەمەن 39 ساڵ، پیاوێکی تەمەن 23 ساڵ و ژنێکی دیکە کە تەمەنی نەزانراوە و گواستراوەتەوە بۆ ژووری نەشتەرگەری.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.