میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێستا لە تووندکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران پاشگەز بووەتەوە، کۆشکی سپییش جەختی کردەوە، هێشتا سەرجەم بژاردەکان لەبارەی ئێرانەوە لەسەر مێزن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی تەمووز، ستیڤن چونگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی بە کەناڵی (فۆکس نیوز)ـی ڕاگەیاند: "سەرۆکی ئەمریکا هەمیشە لەسەر ئەو بڕوایە بووە کە بژاردەی دیپلۆماسی پەسند دەکات، بەڵام ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە چالاکییە تێرۆریستییەکانی لە گەرووی هورمز یان دژی هاوپەیمانەکانمان، ئەوا دۆناڵد ترەمپ هێشتا سەرجەم بژاردەکانی خۆی پاراستووە".
ستیڤن چونگ گوتی: "لە دوای سزا سەرکەوتووەکان کە ئابووریی ئێرانیان ئیفلیج کردووە، لەگەڵ 13 ڕۆژی لەسەریەک لە هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران لە پەرچەکردارێکدا بەرامبەر بە کارە دوژمنکارانە بەردەوامەکان، عاقڵانە دەبێت کە ئێران ڕوو لە دانوستان بکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەگەرنا خۆیان دەزانن چی ڕوودەدات".
میدیاکانی ئەمریکا، لەوانەش: میدیاکانی (نیویۆرک تایمز)، (ئەکسیۆس)، (سی ئێن ئێن) و (ئەسۆشێتد پرێس) بڵاویان کردووەتەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لانی کەم لە قۆناغی ئێستادا بڕیاری داوە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تووندتر نەکاتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.