Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 18:04

بەغدا دەنگۆی ناوبژیوانی لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕەت دەکاتەوە

100%

نووسینگەی عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە فەرمی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی ڕەتکردەوە، کە تێیدا هاتبوو بەغدا خەریکی ناوبژیوانییە بۆ ڕاگرتنی تەقە لە نێوان واشنتۆن و تاران.

لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە، جەخت کراوەتەوە کە ئەو زانیارییانەی باس لە هەوڵی عێراق دەکەن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی ئێران "بە تەواوی دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە."


ئەم ڕەتکردنەوەیەی بەغدا لە کاتێکدایە کە عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ئێستادا بە سەردانێکی فەرمی لە تارانی پایتەختی ئێرانە. پێشتر ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامێکی واشنتۆنی گەیاندووەتە بەرپرسانی تاران بە مەبەستی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە و ڕاگرتنی بۆردومانەکان.


چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی عێراق دەیەوێت لەم قۆناغەدا خۆی لە هەر جۆرە "ئیحراجییەکی دیپلۆماسی" بەدوور بگرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە هێشتا ئامادە نییە بۆ دانوستان و بیر لە "هێرشێکی یەکجار گەورە" دەکاتەوە بۆ سەر ئێران. لە لایەکی دیکەشەوە، تاران جەختی کردووەتەوە کە هاوکێشەی شەڕەکە "یان هەموو شتێک یان هیچ شتێکە."

بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران داوای لە میدیاکان کردووە کە لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا تەنها پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن و خۆیان لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی بێبنەما بەدوور بگرن. ئەم هەڵوێستەی بەغدا نیشانەی ئەوەیە کە عێراق، سەرەڕای پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ هەردوو لایەنی ململانێکە، هێشتا نەیتوانیوە یان نایەوێت وەک ناوبژیوانێکی فەرمی لەم جەنگە چڕەدا دەربکەوێت کە چووەتە 14هەمین ڕۆژی خۆیەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.