وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا (Home Office) ڕایگەیاند، کۆچبەرێکی ئەفغانی بە ناوی "بەسیر ڕەحمەتوڵڵا" بە دوو ساڵ زیندانی سزادرا، دوای ئەوەی بەلەمێکی بچووکی پڕ لە کۆچبەری نایاسایی بەرەو کەناراوەکانی بەریتانیا لێخوڕیوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، ڕەحمەتوڵڵا 53 کۆچبەری نایاسایی لە ناو بەلەمەکەیدا هەڵگرتووە و لە کاتی پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیزدا، لە لایەن تیمەکانی چاودێرییەوە بینراوە کە "زۆر بە ئاسایی خەریکی کێشانی ڤەیپ (Vaping) بووە" کاتێک بەلەمە قەرەباڵغەکەی لێخوڕیوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە کۆچبەرانی ناو بەلەمەکە تەنانەت هێلەگی ڕزگارکردنیان (Lifejacket) بۆ دابین نەکراوە، ئەمەش مەترسییەکی جددی بۆ سەر ژیانیان دروست کردووە.
تۆمەتبارەکە لەبەردەم دادگادا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە ژیانی خەڵکی لە ناو دەریادا خستووەتە مەترسییەوە و بەبێ مۆڵەتی فەرمی چووەتە ناو خاکی بەریتانیاوە. بەمەش ڕەحمەتوڵڵا دەبێتە شەشەمین کەس کە بە تۆمەتی خستنە مەترسیی ژیانی کۆچبەران لە دەریادا سزا بدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەم سزایەی نوێیە، کۆی گشتیی ساڵانی زیندانیکردن بۆ ئەو کەسانەی کە بەم تۆمەتە سزادراون گەیشتووەتە ١٤ ساڵ. ئەم ڕێکارە یاساییانە بەشێکن لە پلانی توندی حکومەتی بەریتانیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێکدەران و ئەو کەسانەی کە بە نایاسایی بەلەمی کۆچبەران دەپەڕێننەوە و بازرگانی بە ژیانی مرۆڤەکانەوە دەکەن.
چاودێرانی یاسایی دەڵێن ئەم جۆرە سزایانە وەک پەیامێکی هۆشدارییە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە هاوکاریی تۆڕەکانی کۆچی نایاسایی دەکەن، جەخت لەوەش کراوەتەوە کە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و گیانی کۆچبەران لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.