Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 00:33

بانکی جیهانی: زیانەکانی بومەلەرزەکەی ڤەنزوێلا گەیشتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار

100%

بانکی جیهانی ڕایگەیاند، زیانە داراییەکانی ئەو دوو بوومەلەرزە بەهێزەی مانگی ڕابردوو باکوری ڤەنزوێلایان هەژاند، بڕی 19.6 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. ئەم ڕاپۆرتە تەنها یەک مانگ دوای کارەساتەکە دێت کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس و وێرانبوونی ژێرخانی ئەو وڵاتە.

بەپێی خەمڵاندنەکانی بانکی جیهانی کە ڕۆژی پێنجشەممە (23ی تەممووزی 2026) بڵاوکرایەوە، نزیکەی نیوەی ئەم زیانە داراییانە تەنها بەر کەرتی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی هاووڵاتییان کەوتوون. بوومەلەرزەکان کە بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە لە ڕێکەوتی 24ی حوزەیرانی ڕابردوودا ڕوویان دا، بوونە هۆی داڕمانی سەدان باڵەخانە لە کاراکاسی پایتەخت و ویلایەتی لا گوایرای کەناراوی.

حکوومەتی ڤەنزوێلا لە نوێترین ئاماری فەرمیدا ئاشکرای کرد کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئەم بوومەلەرزانەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 5.398 کەس. کارەساتەکە وای کردووە هەزاران خێزان بێ ماڵ و حاڵ بمێننەوە و حکوومەت ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی گەورە ببێتەوە لە دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکان.

چاودێرانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە قەبارەی ئەم زیانە داراییە بۆ وڵاتێکی وەک ڤەنزوێلا کە پێشتریش بەدەست قەیرانی ئابوورییەوە دەیناڵاند، زەبرێکی یەکجار کوشندەیە و پڕۆسەی بونیادنانەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان ساڵانێکی زۆری دەوێت. ناوەندە نێودەوڵەتییەکان داوای هاوکاریی بەپەلە دەکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لەو وڵاتەدا بکرێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.