Erbil 31°C پێنجشەممە 23 تەمووز 19:55

حزبوڵا سەردانەکەی سەرۆکی لوبنان بۆ واشنتۆن بە شکستخواردوو وەسف دەکات

100%

حزبوڵای لوبنانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (23ی تەممووزی 2026) هێرشی توندی کردە سەر جۆزێف عەون سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی و سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ واشنتۆن بە نیشانەی خۆبەدەستەوەدان بە هێزە بیانییەکان وەسف کرد.

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن فراکسیۆنی پەرلەمانیی حزبوڵاوە بڵاوکرایەوە، هاتووە کە ئەم سەردانە "ئاستی پاشکۆیەتی و تەسلیمبوون بە چاودێریی بیانی" نیشان دەدات. حیزبوڵا جەختی کردەوە کە کۆبوونەوەکانی عەون لە کۆشکی سپی شکستیان هێناوە لەوەی بەڵێنێکی ئەمریکی بەدەست بهێنن بۆ کشانەوەی دوژمن (ئیسرائیل) لە خاکەکانمان.

ئەم ڕەخنە توندانەی حزبوڵا دوای ئەوە دێن کە جۆزێف عەون لە واشنتۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە، کە تێیدا پرسی چەکداماڵینی حیزبوڵا و جێگیرکردنی سوپای لوبنان لە باشووری وڵات تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوون. حزبوڵا، کە خاوەنی باڵێکی سەربازیی بەهێزە، ئەم هەوڵانەی واشنتۆن و بەیرووت وەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ و لاوازکردنی بەرگری دەبینێت.

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەڵوێستەی حزبوڵا ئاماژەیە بۆ قووڵبوونەوەی درزی سیاسی لە ناوخۆی لوبناندا. لە کاتێکدا سەرۆک عەون هەوڵی بەدەستهێنانی پشتگیریی نێودەوڵەتی و چەکدارکردنی سوپا دەدات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان، حزبوڵاش جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنها لە ڕێگەی هێزە چەکدارەکانی ئەوانەوە دەتوانرێت ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببنەوە. ئەم ململانێیە ناوخۆییە ئەرکی حکوومەتی لوبنان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکانی ئاشتی و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوور ئاڵۆزتر دەکات.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.