Erbil 31°C پێنجشەممە 23 تەمووز 20:29

کۆریای باشوور مەرجی 'چەکداماڵینی ئەتۆمیی پێشوەختە' لادەبات

100%

کۆریای باشوور بە فەرمی دەستبەرداری سیاسەتی فشار و مەرجی پێشوەختە بوو بۆ ناچارکردنی کۆریای باکوور بە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پەیڕەوکردنی زمانێکی نەرمتر بەرامبەر بە پیۆنگیانگ.

جۆنگ دۆنگ-یۆنگ، وەزیری یەکگرتنەوە لە سێئول، ڕایگەیاند کە حکومەتی نوێی وڵاتەکەی بڕیاری داوە لە جیاتی جەختکردنەوە لەسەر "هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی" چەکە ئەتۆمییەکان، فۆکەس بخاتە سەر "ڕاگرتنی گەشەی ئەتۆمیی" کۆریای باکوور. ئەم هەنگاوە نوێیەی سێئول بە دەسپێشخەریی لی جای میۆنگ، سەرۆک کۆماری کۆریای باشوور دێت کە لەوەتەی لە تەممووزی 2025 دەستبەکاربووە، هەوڵی داوە پێچەوانەی سیاسەتە توندەکانی پێش خۆی بجوڵێتەوە.

وەزیری یەکگرتنەوە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، کە ئاژانسی فرانس پرێس دەستکەوتی بە کۆنووسەکەی گەیشتووە، ڕایگەیاند: "حکومەت بە کردەیی دەستبەرداری ئەو ڕێبازە بووە کە چەکداماڵینی ئەتۆمی وەک مەرجی پێشوەختە دادەنا." ئاماژەی بەوەش دا کە هەرچەندە ئامانجی کۆتایی کە چەکداماڵینە وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام کاری هەرە لەپێشینەی ئێستا ڕاگرتنی پەرەپێدانی زیاتری ئەو بەرنامەیەیە، چونکە وەک وتی: "کۆریای باکوور لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر کاتژمێرێکدا خەریکی پەرەپێدانی تواناکانیەتی."

سەرۆکی وڵاتەکە پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەگەر بتوانرێت تەنها "سڕکردنی" توانای ئەتۆمیی باکوور لە ئاستی ئێستایدا بەدەست بهێنرێت و ڕێگری لە بەرهەمهێنانی چەکی نوێ بکرێت، ئەوە بە خۆی "دەستکەوتێکی گەورە" دەبێت.

کۆریای باکوور کە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە لەژێر سزای توندی نێودەوڵەتیدایە، تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمیی بۆ دەسپێشخەرییەکانی سێئول نەبووە. لە دوای شکستهێنانی لووتکەی ساڵی 2019 لە نێوان کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ، پیۆنگیانگ بەردەوام جەخت دەکاتەوە کە بوونی وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی "گەڕانەوەی بۆ نییە".

جێی ئاماژەیە کە کۆریای باشوور لە ساڵی 1991ەوە هیچ چەکێکی ئەتۆمی لەسەر خاکەکەی نەماوە، دوای ئەوەی ئەمریکا کۆگاکانی خۆی لەو وڵاتە کشاندەوە. هەردوو کۆریا لە ڕووی یاساییەوە تاوەکو ئێستا لە دۆخی جەنگدان، چونکە جەنگی ساڵانی 1950 تا 1953 بە ڕێککەوتنی ئاگربەست کۆتایی هات نەک بە پەیماننامەی ئاشتی.

 

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.