لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هێزەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی 10 ڕۆژی لەسەریەک زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی دەریایی توندیان دژی ئامانجە ستراتیژییەکانی ئێران ئەنجام دا. ئەم ڕاپۆرتە گەشتی 10 ڕۆژەی ئەو ململانێیە دەخاتە ڕوو کە ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز و سزادانی سوپای پاسدارانە.
قۆناغی یەکەم: گەمارۆی دەریایی و یەکەمین چەخماخە ڕۆژی 1 و 2
پڕۆسەکە لە کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکەم دەستی پێکرد،لە 13ی تەمووزی 2026کاتێک ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی توندی بەسەر هەموو ئەو کەشتیانەدا سەپاند کە لە بەندەرەکانی ئێرانەوە دێن یان بۆی دەچن. واشنتۆن بە هێزێکی گەورەوە هاتە مەیدان؛ زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگی و سەدان فڕۆکەی جەنگی لە ناوچەکەدا بڵاوکرانەوە. لە ڕۆژی دووەمدا، ئۆپەراسیۆنەکە لە گەمارۆوە گۆڕا بۆ هێرشی ئاسمانیی ڕاستەوخۆ بە ئامانجی پەکخستنی ئەو توانایانەی ئێران کە بۆ هەڕەشەکردن لە کەشتییە بازرگانییەکان بەکاری دەهێنان.
قۆناغی دووەم: پێکانی ئامانجە وردەکان و "تومبی گەورە" (ڕۆژی 3 و 4)
ڕۆژی سێیەم (15ی تەممووز) خاڵێکی وەرچەرخان بوو. سێنتکۆم بۆ ماوەی 90 خولەک هێرشێکی چڕی کردە سەر دوورگەی "تومبی گەورە". لەم هێرشەدا سیستەمەکانی بەرگری کەناراو، کۆگاکانی موشەکی کرۆز و سەکۆکانی هەڵدانی موشەک کرانە ئامانج. لە ڕۆژی چوارەمدا، ئەمریکا فشارەکانی زیاد کرد و دوو خولی هێرشی لە یەک ڕۆژدا ئەنجامدا، بە پەیامێکی سیاسیی ڕوون: "ئەمریکا، ئێران بەرپرسیار دە کات لە هەڕەشەکانی سەر بازرگانیی جیهانی."
قۆناغی سێیەم: شەش شەوی بەردەوام و سزادانی سوپای پاسداران (ڕۆژی 5، 6 و 7)
لە ڕۆژانی پێنجەم و شەشەمدا، هێرشەکان بوونە کارێکی ڕۆژانەی سیستەماتیک. بەڵام ڕۆژی حەوتەم مۆڕکێکی سیاسی و سزادانی وەرگرت؛ سێنتکۆم ڕایگەیاند کە هێرشەکان تەنها بۆ پاراستنی گەرووی هورمز نین، بەڵکو "سزایەکی خێرا"ن بۆ هێزەکانی سوپای پاسداران (IRGC) کە شەوی پێشتر هێرشیان کردبووە سەر سەربازانی ئەمریکا لە ئوردن. ئەمە نیشانەی گۆڕانی ستراتیژی ئەمریکا بوو لە "بەرگری"یەوە بۆ "تۆڵەسەندنەوەی ورد".
قۆناغی چوارەم: هەڵوەشاندنی ژێرخانی سەربازی (ڕۆژی 8، 9 و 10)
لە سێ ڕۆژی کۆتاییدا، هێرشەکان گەیشتنە لوتکە. ڕۆژی نۆیەم (19ی تەممووز) سێنتکۆم کۆتاییهێنانی "شەپۆلی کۆتایی هەفتە"ی ڕاگەیاند کە تێیدا تەنها سەکۆی موشەکیان نەپێکاوە، بەڵکو دەستیان بردووە بۆ:
سەنتەرەکانی فەرماندەیی سەربازی.
تۆڕەکانی بەرگری ئاسمانی و چاودێری کەناراوەکان.
تۆڕەکانی پەیوەندی و بنکەکانی هەڵدانی درۆن.
لە دەیەمین ڕۆژدا (21ی تەممووز)، کاتژمێر 4:00ی پاشنیوەڕۆ، خولێکی نوێی هێرشەکان دەستی پێکردەوە. سێنتکۆم جەخت دەکاتەوە کە ئەم هێرشانە بۆ ئەوە داڕێژراون تاوەکو توانای سەربازیی ئێران بە تەواوی "دابخورێنن" (Degrade) و چیتر نەتوانێت هەڕەشە لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بکات.
ئەنجام و هەڵسەنگاندنی سیاسی و سەربازی
لە ڕووی سەربازییەوە: ئەمریکا ستراتیژی "بڕینی دەمارەکان" پەیڕەو دەکات. بە لێدانی سەنتەرەکانی فەرماندەیی و پەیوەندی و بەرگری ئاسمانی، ئێران لە ناوچە کەناراوەکاندا تووشی جۆرێک لە "کوێریی سەربازی" بووە.
لە ڕووی سیاسییەوە: واشنتۆن دەیەوێت بیسەلمێنێت کە هیچ هێرشێک بۆ سەر سەربازەکانی (وەک ئەوەی ئوردن) بێ وەڵام نامێنێتەوە و گەرووی هورمز هێڵی سوورە.
دۆخی ئێستا: هێزەکانی ئەمریکا لەوپەڕی ئامادەباشیدان (Vigilant, Lethal, and Ready). ئەم 10 ڕۆژە نیشانیدا کە ئەمریکا ئامادەیە بۆ جەنگێکی درێژخایەنی "پەکنەر" بەبێ ئەوەی پێویستی بە تێوەگلانی هێزی وشکانی هەبێت، تەنها لە ڕێگەی باڵادەستیی ئاسمانی و دەریاییەوە
لەم 10 ڕۆژەی شەڕ و پێکدادانە چڕانەدا، ئیسرائیل توانیویەتی وەک "بەرزەکی بانان" لە قەیرانەکە دەربچێت و بە بێدەنگی چاودێریی تێکشکانی نەیارە سەرسەختەکەی بکات، بەبێ ئەوەی خۆی تێوەبگلێنێت یان باجی ڕاستەوخۆی سەربازی و دارایی بدات، لە کاتێکدا کە واشنتۆن تەواوی قورسایی و بەرپرسیارێتیی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەی گرتووەتە ئەستۆ. لە بەرامبەردا، ئێران بەهۆی بۆردومانە سیستەماتیکەکان و گەمارۆیەکی دەریایی توندەوە، هەنگاو بە هەنگاو بەرەو وێرانبوونی ژێرخانی سەربازی و ئابووری دەڕوات؛ چونکە لە لایەکەوە سەرچاوە ستراتیژییەکانی لە گەرووی هورمز لەدەست دەدات و لە لایەکی تریشەوە پەککەوتنی ناوەندەکانی فەرماندەیی و بەرگری، تاران بەرەو کەناری داڕمانێکی گشتگیر دەبات کە دووبارە بونیادنانەوەی لە داهاتوودا کارێکی نزیک لە مەحاڵ دەبێت..
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.