وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بە توندی وەڵامی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' دەداتەوە کە تێیدا تۆمەتبار کرابوو بە شاردنەوەی ئاماری بریندارانی سوپا، ڕاگەیەندراوەکە ئەو تۆمەتانە بە "بێ بنەما و کینە ئامێز" وەسف دەکات.
شۆن پارنێل یاریدەدەری وەزیری جەنگ بۆ کاروباری گشتی و ڕاوێژکاری باڵا، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هێرشی توندی کردە سەر ڕۆژنامەکە و ڕایگەیاند: ئەم تۆمەتانە درۆی ڕووتن و لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی لایەنگرەوە بڵاوکراونەتەوە کە ئامانجیان تەنیا ناوزڕاندنی سوپای ئەمریکا و سەرکردایەتییەکەیەتی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بانگەشەی شاردنەوەی زانیارییەکان چەواشەکارییە و ئامانج لێی نائارامکردنی شەقامی ئەمریکییە، بەتایبەتی دوای کوژرانی سێ سەربازی وڵاتەکە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا. پارنێل جەختیشی کردەوە کە زانیارییەکانی پەیوەست بە قوربانیانی سوپا بەردەوام لە ڕێگەی سیستەمی شیکردنەوەی قوربانیانی بەرگری" (DCAS) بە شێوەیەکی شەفاف بۆ ڕای گشتی و میدیاکان بڵاو دەکرێنەوە.
"ئاماری چەواشەکارانە"
وەزارەتی جەنگ ڕوونکردنەوەی داوە کە برینداربوون لە ناو سوپادا مەودایەکی فراوان دەگرێتەوە؛ لە بریندارییەکی سووکی وەک "دەمارگرژبوونی پاژنەی پێ" لە کاتی مەشقە ئاساییەکاندا، تا دەگاتە ئەو ڕووداوانەی هیچ پەیوەندییەکیان بە شەڕ و پێکدادانەوە نییە. ڕاگەیەندراوەکە دەڵێت: "هەڵبژاردنی هەندێک ژمارەی خاو بەبێ خستنەڕووی چوارچێوەی ڕووداوەکان، وێنەیەکی ناتەواو و چەواشەکارانە نیشان دەدات."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی جەنگ خۆی وەک "شەفافترین وەزارەت لە مێژوودا" وەسف کردووە و ڕەخنەی توندی لەو ڕۆژنامەنووسانە گرتووە کە ڕاپۆرتەکەیان نووسیوە. ئاماژە بەوەش کراوە کە یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە لەم دواییانەدا بەهۆی گومانی سەرپێچی لە یاسای تاوانە فیدراڵییەکان، بانگهێشتی دادگا کراوە.
تا ئێستا ڕۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' وەڵامی فەرمیی بۆ ئەم هێرشە توندەی وەزارەتی جەنگ نەبووە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.