ئامارە نوێیەکان دەری دەخەن کە دوای سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی لە لایەن ئەمریکاوە، ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە گەرووی هورمز تێدەپەڕن بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و جووڵەی بازرگانی لەو ڕێڕەوە ستراتیژییەدا پەکیکەوتووە.
بەپێی داتاکانی پلاتفۆرمی "کێپلەر" بۆ چاودێریی کەشتیوانی، ڕۆژی چوارشەممە تەنها 7 کەشتی لە گەرووی هورمز تێپەڕیون، کە زۆربەیان ڕێڕەوە ئێرانییەکەیان بەکارهێناوە. ئەمە دابەزینێکی بەرچاوە بەراورد بە ڕۆژی پێشووتر کە تێیدا 13 کەشتی لەو ناوچەیەوە تێپەڕ ببوون. ئەم پاشەکشەیە ڕێک لە یەکەم ڕۆژی سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا تۆمار کراوە، کە وەک فشارێکی ئابووری و سەربازیی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر تاران دەبینرێت.
ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئێران لە درەنگانی شەوی شەممەی ڕابردوو بڕیاری داخستنی گەرووی هورمزی ڕاگەیاند. لەو کاتەوە هەردوو وڵات هێرشەکانیان لە ناو ئاوەکانی کەنداودا چڕکردووەتەوە و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕێگری لە هاتووچۆی ئاسایی کەشتییەکان دەکەن. گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، کە پێش هەڵگیرسانی ئەم جەنگە نزیكەی 20%ی کۆی گواستنەوەی نەوت و غازی جیهانی لە ڕێگەیەوە ئەنجام دەدرا، بەڵام ئێستا گۆڕدراوە بۆ مەیدانی پێکدادانی ڕاستەوخۆ.
ئامارەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە ڕۆژی چوارشەممە تەنها 4 کەشتیی خاڵی توانیویانە بچنە ناو ئاوەکانی کەنداو، کە پێکهاتوون لە 3 کەشتیی نەوتهەڵگری بچووک و کەشتییەکی تری گواستنەوەی دانەوێڵە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی بەهۆی مەترسیی بۆردومانەکان و گەمارۆکەی حكوومەتی ئەمریکا، دوودڵن لە ناردنی کەشتییەکانیان بۆ ناوچەکە. ئەم دۆخە نادیارە بووەتە هۆی شڵەژانی بازاڕەکانی وزە و جیهان بە نیگەرانییەوە چاودێریی لێکەوتەکانی ئەم گەمارۆ دەریاییە دەکات لەسەر ئاسایشی ئابووریی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2026دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.