ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەکردووە لە سەر سنوورەکان لە جیاتی ئەوان دەستوەردان بکات، هاوكات جەختی لەوەش کردەوە کە هێزەکانیان لە ناوچە ئەمنییەکانی سووریا، غەززە و لوبنان دەمێننەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پێت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، دوایین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی واشنتنیان دژی ئێران تاوتوێ کردووە. کاتس ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانیان جەختی لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و پەرەسەندنێکی نوێ لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە سایەی ئەو گرژییە سەربازییانەی کە ئێستا لە لوتکەدان.
کاتس جەختی لە ستراتیژیەتی بەرگریی ئیسرائیل کردەوە و ڕایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لەسەر سنوورەکان بەردەوامە و پێویستییان بەوە نییە هیچ هێزێکی تر لە جیاتی ئەوان بجەنگێت. ئەم لێدوانانە وەک پەیامێکی دڵنیایی بۆ ناوخۆی ئیسرائیل و نیشاندانی سەربەخۆیی بڕیاری سەربازیی تەلئەبیب دەبینرێن، سەرەڕای بوونی هاوپەیمانییەکی قووڵ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ.
لە تەوەرێکی تری هەستیاردا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە حکوومەتەکەیان هیچ پلانێکی بۆ کشانەوە لەو ناوچە ئەمنییانە نییە کە لە ناو خاکی سووریا، کەرتی غەززە و باشووری لوبنان دروستیان کردوون. کاتس پێیوایە مانەوە لەم ناوچانە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل زەروورە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی درێژخایەن بەردەوامن، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت لە ڕێگەی "قەڵغانە ئەمنییەکانەوە" گەرەنتی ڕێگریکردن لە هەر هێرشێکی داهاتوو بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.