Erbil 31°C پێنجشەممە 16 تەمووز 07:01

ترەمپ پلانە نوێیەکەی دژی ئێران ئاشکرا دەکات

Kurdistan Ahmed
100%

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی زەمینی لە ناوخۆی ئێران کرد، کە ڕەنگە لەلایەن لایەنێکی سێیەمەوە و لە جیاتی واشنتۆن جێبەجێ بکرێت.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی (فۆکس نیوز) لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بیرۆکەی هەڵگیرسانی جەنگی زەمینی لەگەڵ تاران، ڕایگەیاند: من نامەوێت ئەو کارە بکەم، بەڵام هەندێک جار پێویستی بە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی دەبێت. ئەوەی لە لێدوانەکانیدا سەرنجی چاودێرانی ڕاکێشا، ئاماژەدان بوو بە هەبوونی "لایەنی تر" کە دەتوانن ئەم ئەرکە سەربازییە لە جیاتی ئەمریكا بگرنە ئەستۆ، بەبێ ئەوەی بە ڕاشکاوی ناوی ئەو لایەنە یان وڵاتانە ئاشکرا بکات، ئەمەش جۆرێک لە تەمومژی سیاسی و سەربازیی لە ناوچەکەدا دروست کردووە.

بە بڕوای شیکەرەوە سیاسی و سەربازییەکان، مەبەستی سەرۆکی ئەمریکا لەو لایەنانەی کە ئامادەی هێرشی زەمینین، ڕەنگە هاوپەیمانە ناوچەییەکان یان هێزە ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارەکانی دژ بە تاران بن کە واشنتۆن پاڵپشتییان دەکات، ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ ستراتیژیەتی گوشاری زۆر و گورزی ئاسمانیی پەیڕەو کردووە، بەڵام باسکرنی جەنگی زەمینی، ململانێکان دەباتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارتر.

جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە واشنتۆن نایەوێت ڕاستەوخۆ سەربازەکانی بخاتە ناو جەنگێکی زەمینی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە حکوومەتی ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی هاوبەشەکانییەوە تێچووی جەنگەکە کەم بکاتەوە و فشاری مەیدانی بۆ سەر ناوخۆی ئێران زیاد بکات.

لە بەشێکی تری ئەم هاوکێشەیەدا، ناوی دوورگەی خارك وەک یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هەر هێرشێکی زەمینی یان دەریایی دەبیسترێت، ئەم دوورگەیە ناوەندی هەرە گرنگ و سەرەکیی ئێرانە بۆ هەناردەکردنی نەوت و هەر جۆرە دەستبەسەرداگرتن یان پەکخستنێکی ئەم پێگەیە، دەبێتە هۆی داتەپینی تەواوەتیی ئابووریی تاران.

شیکەرەوەکان پێیانوایە کە هێرشی زەمینیی سنووردار بۆ سەر کەناراوەکانی باشووری ئێران و دوورگە ستراتیژییەکان لە کەنداو، دەبێتە گورزێکی کوشندە کە حکوومەتی ئێران توانای بەرپەرچدانەوەی نابێت.

ئەم هەڕەشانەی ترەمپ پەیامێکی ڕاشکاوە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئامادەن هەموو بژاردەکان بەکاربهێنن بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕووی ئاسایشی وزە و دەریاوانیی نێودەوڵەتی بوونەتەوە لە ساڵی 2026دا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.