بەهۆی داڕمانی ڕەنووی بەفر لە هاوینەهەواری "پڕژە"، حەوزی سەرەکیی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەزای چۆمان داڕما و دابەشکردنی ئاو لە قەزاکەدا ڕاگیرا.
سیروان محەمەد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی چۆمان و دەوروبەری بە (کوردستان تیڤی) ڕاگەیاند، بەهۆی کەڵەکەبوونی بەفرێکی زۆر لە سەرچاوەی ئاوی پڕژە و داڕمانی بەشێکی، زیانی زۆر بە حەوزی گلدانەوەی ئاوی سەرەکیی چۆمان گەیشتووە و هاوکات بۆریی سەرەکیی ژمارە 12ـی پڕۆژەکەش شکاوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی ئەم گرفتەوە لە ئێستادا ناتوانن ئاوی خاوێن بۆ هاوبەشەکانیان دابەش بکەن.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاو باسی لەوەش کرد، تیمەکانیان لە کاتژمێر 6:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە لە شوێنی ڕووداوەکە سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆری و حەوزەکە دەبن، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کێشەکە چارەسەر بکەن و ئاو بۆ هاووڵاتییان بگەڕێننەوە.
لە کۆتاییدا، فەرمانگەی ئاوی چۆمان داوا لە دانیشتووانی قەزاکە دەکات تاوەکو چارەسەرکردنی گرفتەکە دەست بە ئاوەوە بگرن و هاوکاری تیمەکانیان بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە.




کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.