Erbil 31°C چوارشەممە 15 تەمووز 02:54

هێمن هەورامی: پارتی ئامادەیە هەرچی زووترە پەرلەمان کارا بکرێتەوە

100%

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە دوای تێپەڕبوونی 20 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا، چیتر هیچ پاساوێکی سیاسی بۆ پەکخستنی دامەزراوەی یاسادانان نەماوە و دەبێت سەرجەم لایەنەکان بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی خۆیان هەڵبگرن.

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ جانێت ئەلبێرتا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و بەرترێل سنوێر، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی فەرمیی پارتەکەی دووپات کردەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە سەرەڕای ئەنجامدانی دەیان کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنەکانی تر، و واژۆکردنی ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر بنەمای هاوبەشی و سازان، هێشتا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە، کە ئەمەش وەک ئاستەنگێکی گەورە لە بەردەم پڕۆسەی سیاسی و یاسایی هەرێمدا دەبینرێت.

بەپێی وتەکانی هێمن هەورامی، پارتی ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ ئەوەی "هەرچی زووتر" دانیشتنەکانی پەرلەمان دەست پێ بکەنەوە و هەموو ئەو گفتوگۆیانەی کە پەیوەستن بە هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکان، لە ناو هۆڵی پەرلەماندا یەکلا بکرێنەوە. پارتی پێی وایە کە هەموو ئەو لایەنانەی خاوەن کورسیی پەرلەمانین، لە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورەی سیاسی و یاساییدان بەرامبەر بە دەنگدەرانیان و ناگونجێت چیتر پڕۆسەی حوکمڕانی و یاسادانان لە هەرێمدا پەک بخرێت.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر دوایین هاوکێشە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و ڕوانگەی پارتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی ڕیشەیی ڕوون کرایەوە. هاوکات، هێمن هەورامی پێزانینی زۆری ئاراستەی باڵیۆزی هۆڵەندا کرد بۆ ئەو ڕۆڵە دیپلۆماسییەی کە لە ساڵی 2016 وەک کونسوڵ لە هەولێر و لە دوو ساڵی ڕابردووشدا وەک باڵیۆز لە بەغدا گێڕاویەتی، بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حكوومەتی هۆڵەندا لە بوارە جیاوازەکاندا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.