باسم محەمەد خضەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، لەگەڵ شاندێکی باڵای کۆمپانیای "شیڤرۆن"ی ئەمریکی کۆبووەوە بە مەبەستی فراوانکردنی هاوکارییەکان و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر بۆ کەرتەکانی نەوت و غاز.
لە دیدارێکدا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، وەزیری نەوت پێشوازی لە جەیک سپیرینگ، سەرۆکی پەرەپێدانی کارەکان لە کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی و شاندێکی یاوەری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، کە بەڕێوەبەرانی گشتیی کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ئامادەی بوون، باس لە ئاسۆکانی هاوکاریی هاوبەش و ڕێگەکانی پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت لە ڕێگەی وەبەرهێنانی بیانییەوە کرا.
وەزارەتی نەوت ڕایگەیاند کە ئامانجی ئەم جۆرە گفتوگۆیانە پاڵپشتیکردنی پلانەکانی حكوومەتە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ژێرخانی وزە بە سوودوەرگرتن لە شارەزایی و تەکنەلۆژیا مۆدێرنەکانی کۆمپانیا جیهانییەکان. وەزیری نەوت جەختی کردەوە کە عێراق خوازیارە هاوبەشییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا ڕەسەن و بەهێزەکان فراوانتر بکات تاوەکو پڕۆژە ستراتیژییەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکرێن.
لەلایەکی ترەوە، شاندی کۆمپانیای شیڤرۆن ئارەزووی زۆری خۆیان بۆ بەهێزکردنی ئامادەیییان لە بازاڕی عێراق و گەڕان بەدوای دەرفەتە نوێیەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی غاز و نەوتدا نیشان دا. ئەم پەرەسەندنە هاوکاتە لەگەڵ ئەو ئاراستە نوێیەی کە ئیدارەی ترەمپ لە واشنتن پەیڕەوی دەکات بۆ هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان تاوەکو ڕۆڵی سەرەکی لە بونیادنانەوەی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بگێڕن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.