Erbil 31°C چوارشەممە 15 تەمووز 02:53

عومان هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە تاران توند تر دەکات

100%

بەهۆی توندڕەوییەکانی ئێران لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز و بە ئامانجگرتنی ئەو کەشتییانەی کە هەوڵ دەدەن بە ناو ڕێڕەوە ئاوییەکاندا تێپەڕ بن، سوڵتاننشینی عومان ناچار بووە لە سیاسەتی "هاوسەنگیی ورد" و بێلایەنانەی خۆی دوور بکەوێتەوە و هەڵوێستێکی توندتر و یەکلاکەرەوەتر بەرامبەر تاران بگرێتە بەر.

لە دوای هەڵگیرسانی شەڕ لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە، مەسقەت هەوڵی داوە کەناڵە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێراندا بە کراوەیی بهێڵێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتەکە خۆی لە هێرشەکانی تاران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو بێبەری نەبووە. سوڵتاننشینی عومان کە لە ساڵانی ڕابردوودا وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان تاران و واشنتن دەبینرا، لەم شەڕە نوێیەدا خۆی لەو ڕۆڵە دوور دەبینێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە لایەن ئیدارەی ترەمپـەوە ڕووبەڕووی لۆمە بووەوە کە گوایە "زۆر لە کۆماری ئیسلامییەوە نزیکە". گەڕانەوەی گرژییەکان بۆ گەرووی هورمز و ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئەو کەشتییانەی کە ڕێڕەوە ئاوییە نوێیەکەی عومانیان بەکارهێناوە، مەسقەتی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاراندا.

ئانا جاکۆبس، لێکۆڵەری شارەزا لە کاروباری ئاسایشی کەنداو، بۆ ئاژانسی "فرانس پرێس" ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکردایەتیی نوێی ئێران دەبێت تێبگات کە بەم ڕەفتارانەی خەریکە دوایین هاوپەیمانی دۆستی خۆی لە ناوچەی کەنداو لەدەست دەدات. ئێرانییەکان لە خەمڵاندنی هێزی خۆیاندا زیادەڕەوی دەکەن و دەیانەوێت ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گشتگیر لە گەرووی هورمز بسەپێنن، کە تەنانەت ناوچە ئاوییە هەرێمییەکانی عومانیش دەگرێتەوە، بەڵام مەسقەت بە هیچ شێوەیەک ئەمە قبووڵ ناکات. تاران لە ئێستادا گەرووی هورمزی بە ڕووی دابینکردنی نەوت و غازدا داخستووە و پێداگری دەکات کە دەریاوانی لەو ناوچەیەدا ناگەڕێتەوە دۆخی پێشوو، مەگەر لە ژێر ڕێککەوتنێکی نوێدا بێت کە تەنها لە نێوان تاران و مەسقەتدا بێت.

کێشە سەرەکییەکە لەوەدایە کە عومان ڕێڕەوێکی دەریایی تایبەت بە خۆی لە نزیک کەناراوەکانی دیاری کردووە بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان، بەڵام تاران ئەم هەنگاوەی ڕەتکردووەتەوە و پێداگری دەکات کە دەبێت کەشتییەکان تەنها ئەو ڕێڕەوە بەکاربهێنن کە ئێران دیاری کردووە. لە هەفتەی ڕابردووەوە، ئەو کەشتییانەی هەوڵ دەدەن ڕێڕەوە عومانییەکە بەکاربهێنن، ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی دەبنەوە کە پەنجەی تۆمەت بۆ تاران درێژ دەکرێت، و ئەمریکاش لە بەرامبەردا بە هێرشکردنە سەر باشووری کۆماری ئیسلامی وەڵامی ئەو ضربانە دەداتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عومان لە هەنگاوێکی کەم وێنەدا باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی یاداشتێکی ناڕەزایەتی توندی ڕادەست بکات، ئەوەش دوای ئەوەی ناوچەکانی مسەندەم و ئەلوەستا لە لایەن درۆنەکانەوە کرانە ئامانج. ئەم ناڕەزایەتییە تەنها یەک ڕۆژ دوای سەردانەکەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ مەسقەت هات، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە عومان چیتر ناتوانێت بەرامبەر بە هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی بێدەنگ بێت. عەبدوڵڵا باعبود، لێکۆڵەری عومانی، پێیوایە ئەم هەڵوێستە پەیامێکی ڕوونە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوبەشە عەرەبییەکانی کەنداو، کە بێلایەنیی عومان بە مانای بێدەنگی ناێت بەرامبەر بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی.

لەو کاتەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران دەستی پێکردووە، گەرووی هورمز بووەتە چەقی ململانێکان. داهاتووی ئەم گەرووە بووەتە خاڵی سەرەکیی کێبڕکێی نێوان تاران و واشنتن بەهۆی گرنگییەکەی لە دابینکردنی وزەی جیهانیدا. بۆ عومان، ئاسایشی دەریاوانی بابەتێکی هەستیاری ئاسایشی نیشتمانییە و پێویستی بەوەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوو جەمسەرەکەدا بپارێزێت، بەڵام بارودۆخی ئێستای شەڕ مەسقەتی خستووەتە پێگەیەکەوە کە جێگەی حەسادەت نییە.

وەزارەتی دەرەوەی عومان ڕۆژی سێشەممە دووپاتی کردەوە کە بە شەفافیەت و بێلایەنی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئازادیی دەریاوانی، بەڵام جەختی کردەوە کە دەبێت هەموو لایەک ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن. شارەزایان پێیان وایە کە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە هێرشەکانی، عومان ناچار دەبێت زیاتر لە هەڵوێستەکانی وڵاتانی تری کەنداو نزیک ببێتەوە و ڕێکارە بەرگرییەکانی خۆی بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی، لەوانە ئیدارەی ترەمپ، بەهێزتر بکات تاوەکو پارێزگاری لە ئاسایشی دەستەجەمعی و ئابووریی خۆی بکات. ئەم دابڕانە دیپلۆماسییەی نێوان مەسقەت و تاران نیشانەی ئەوەیە کە چیتر "سیاسەتی هێمن" ناتوانێت بەرگەی ئەو گۆڕانکارییە خێرا و توندوتیژانە بگرێت کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.