Erbil 31°C چوارشەممە 15 تەمووز 02:54

دەسەڵاتدارانی مەغریب لێکۆڵینەوە لەگەڵ عەلی لەمرابتی ڕۆژنامەنووس دەست پێ دەکەن

100%

عەلی لەمرابەت، ڕۆژنامەنووسی ناسراوی مەغریبی و هەڵگری ڕەگەزنامەی فەڕەنسی، بە تۆمەتی "ناوزڕاندن و سووکایەتیکردن" بە دامەزراوەکانی حكوومەت لەبەردەم داواکاری گشتی ئامادە دەبێت.

داواکاری گشتیی مەغریب ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە عەلی لەمرابتی تەمەن 66 ساڵ، کە وەک یەکێک لە دەنگە ڕەخنەگرە هەرە دیارەکانی ڕۆژنامەگەریی سەربەخۆ لەو وڵاتەدا دەناسرێت، ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کراوە. لەمرابەت ڕۆژی یەکشەممە لە کاتی گەیشتنی لە ئیسپانیاوە بۆ فڕۆکەخانەی تانجە دەستگیر کرا، کە ماوەیەکە لە شاری بەرشەلۆنە نیشتەجێیە و لەوێوە لە ڕێگەی کەناڵەکەی لە یوتیوب و پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیاوە بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی بابەتە ڕەخنەگرەکانی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی. بریکاری پاشا لە دادگای سەرەتایی کازابلانکا لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە کە ئەم بڕیارە بەهۆی ئەوە بووە کە بڵاوکراوەکانی ناوبراو "ناوزڕاندن، بوختانکردن و سووکایەتیکردن بە کەسایەتییەکان و دامەزراوەکانی حكوومەتی" تێدابووە، و جەختی کردەوە کە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، لەبەردەم یاسادا ئامادە دەبێت تاوەکو ڕێکارە یاساییەکانی بەرامبەر بگیرێتە بەر.

عەلی لەمرابەت مێژوویەکی درێژی لە ململانێ و بەریەککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و ئەمنیی وڵاتەکەیدا هەیە، کە ئەمەش وای کردووە دۆسیەکەی سەرنجی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ڕابکێشێت. پێشتر و لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2015، بۆ ماوەی 10 ساڵ لە کارکردنی ڕۆژنامەوانی لە ناو مەغریبدا قەدەغە کرا، ئەوەش دوای ئەوەی بە تۆمەتی ناوزڕاندن سزا درا لەسەر کۆمەڵێک لێدوان کە دەربارەی دانیشتووانی بیابانی ڕۆژئاوا لە ئۆردوگاکانی تیندوف لە جەزائیر دابووی. پرسی بیابانی ڕۆژئاوا یەکێکە لە هێڵە سوورە هەرە هەستیار و پیرۆزەکان لای حكوومەتی مەغریب، کە تێیدا جەبهەی پۆلیساریۆی سەر بە جەزائیر داوای سەربەخۆیی دەکات و مەغریبیش پێداگری لەسەر پەیڕەوکردنی سیستەمی حوکمی زاتی لە ژێر سەروەریی تەواوی خۆیدا دەکات، و هەر جۆرە لێدوانێکی پێچەوانە وەک "ناپاکیی نیشتمانی" هەژمار دەکرێت.

لەمرابەت کە دامەزرێنەری گۆڤارە هەفتانەکانی وەک "دۆمان ماگازین" و "دۆمان" بووە، لە ساڵی 2003دا بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە پاشا" و چەند تۆمەتێکی تری پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی دادگایی کرا و سزای 3 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دوای بەسەربردنی ماوەیەک لە زیندان، لە سەرەتای ساڵی 2004دا بە لێبووردنی پاشایەتی ئازاد کرا. دەستگیرکردنی ئەمجارەشی لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوی "ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور" نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕیوە و داوای ئازادکردنی خێرای کردووە. چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە ئەم جووڵەیە نیشانەی توندبوونەوەی زیاتری ڕێکارەکانی حكوومەتە بەرامبەر بەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و سوود لە سۆشیاڵ میدیا وەردەگرن بۆ ڕەخنەگرتن لە سیستەمی حوکمڕانی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیش چاودێریی بارودۆخی ئازادیی ڕادەربڕین لە ناوچەکەدا دەکەن و دۆسیەی لەمرابەت وەک یەکێک لە ئاماژەکانی پاشەکشەی دیموکراسی لە مەغریب دەبینرێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.