لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لەسەر ڕێگەی سەرەکیی چەمچەماڵ - تەکێی کاکەمەند، چوار هاووڵاتی بە سەختی بریندار بوون و بەهۆی ناجێگیریی باری تەندروستییەوە، منداڵێکی ناو ڕووداوەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئیبراهیم حاجی ڕەفعەت پەیامنێری (کوردستان تیڤی)، درەنگانی شەوی ڕابردوو، ڕووداوێکی سەختی هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان شارۆچکەی چەمچەماڵ و ناحیەی تەکێی کاکەمەند ڕوویدا و لە ئەنجامدا چوار هاووڵاتی بە سەختی بریندار بوون.
ڕووداوەکە لە جۆری پێکدادان بووە لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری (نیسان سەنی). لە ئەنجامی پێکدادانەکەدا چوار سەرنشینی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە، کە سێ ئافرەت و منداڵێک بوون، بەسەختی بریندار بوون و شۆفێری هەردوو ئۆتۆمبێلەکە سەلامەتن.
سەرچاوەیەکی پزیشکی ڕایگەیاند، کە بەهۆی ناجێگیریی باری تەندروستی و سەختیی برینەکەیەوە، منداڵە بریندارەکە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری چڕ، ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.