وەزارەتی گواستنەوە گەیاندن ڕایگەیاند، وەڵامی داواکاریی دانیشتووانی ناوچەکانی بەستۆرە و مەلائۆمەری دایەوە و هێڵێکی نوێی پاسی بۆ دابین کردن. پاسەکان لە سبەی چوارشەممەوە دەست بە گواستنەوەی هاووڵاتییان دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی تەمووز، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییانی شاری هەولێر، وەزارەتەکە هەستاوە بە دابینکردنی 38 پاس بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی بەستۆرە و مەلائۆمەر، کە پێشتر داوای دابینکردنی هێڵی گواستنەوەی گشتییان کردبوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاسەکان بە تەواوی ئامادەن و بڕیارە لە کاتژمێر 6:00ـی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 15ـی تەمووز، دەست بە گواستنەوەی هاووڵاتییان بکەن.
ڕێڕەوی پاسەکان بەم شێوەیە دەبێت: لە بەستۆرەوە ت دەگاتە مەلائۆمەر، پاشان بە گەڕەکەکانی (زێڕین، مامۆستایان، دەروازە و شۆڕش)ـدا تێدەپەڕێت تا دەگاتە سەنتەری شار (داون تاون) و بە پێچەوانەش بۆ بەستۆڕە دەگەڕێتەوە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەش کردووە، لەمەودوا هاووڵاتییانی نیشتەجێی ئەو هێڵە سەرەکییە دەتوانن ڕۆژانە بە نرخێکی گونجاو و تەنیا بە 1000 (یەک هەزار) دینار، لە ناو جەرگەی بازاڕی قەڵاوە تاوەکو بەستۆرە بە پاس هاتوچۆ بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.