بە فەرمانی مهسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، گەورەترین دوو پڕۆژەی هونەری و کولتووری لهناو پاڕكی سامی عهبدوڕهحمان له شاری ههولێر دروست دهكرێن.
ئەمڕۆش دووشەممە هەریەك لە شەعبان چالی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیران، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ئاریان سەڵاحەدین بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداریوون لە قۆناغەکانی کارەکانیانی پڕۆژەکە لە نێو پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان، هەردوو پڕۆژەیان بەسەركردەوە.
پڕۆژەی یەکەم - بریتییە لە دروستکردنی گەورەترین گەلەری هونەری لەسەر ئاستی ناوچەکە کە بە گوژمەی ( 3 ملیار و 55 ملیۆن و622 هەزار دینار ) لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە مەڵبەندێکی جیهانی بۆ نمایشکردنی داهێنانی کارە هونەرییەکانی هونەرمەندان.
پڕۆژەی دووەم - بریتییە لە بونیادنانی مۆزەخانەیەکی هاوچەرخی تایبەت بە جینۆسایدی ئەنفال، کە پڕۆژەکە قۆناغی زۆری بڕیوە و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە، ئەم پڕۆژەیە وەک ناسنامەیەکی کولتووری، مرۆیی و مێژوویی، دەبێتە بەڵگەیەکی زیندوو بۆ ناساندنی ئەو تاوانە گەورەیەی دەرهەق بە گەلەکەمان ئەنجامدراوە و پاراستنی یادەوەری قوربانیان بۆ نەوەکانی داهاتوو.
هەردوو پڕۆژەكە لەنێو پاركی شەهید سامی عەبدولڕەحمان له شاری ههولێر جێبەجێ دەكرێن.
دوای بەسەركردنەوەی بەشەكانی هەردوو پڕۆژە، هەریەك لە بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر و بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری، جەختیان لە گرنگیی تەواوکردنی کارەکانی هەردوو پڕۆژە بە زووترین کات و بە بەرزترین ئاستی کوالێتی و لە کاتی دیاریکراودا کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.