وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە بڕی تەمویلی پێویست بۆ مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆران خراوەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەت، کەمێک لەمەوبەر بڕی 841,161,000,000 (هەشت سەد و چل و یەک ملیار و سەد و شەست و یەک ملیۆن) دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران گەیشتووە.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوشێوەی مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120,000,000,000 (سەد و بیست ملیار) دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بڕیوە. هەروەها بڕی 3,326,931,000 دینار کە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازییە، لەلایەن بەغداوە ڕەوانە نەکراوە.
سەبارەت بە دەستپێکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە، وەزارەتی دارایی دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران کە دوای تەواوکردنی ڕێکارە هونەرییەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە بانکی ناوەندی، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.