پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ئەو دوو تۆمەتبارەیان دەستگیر کرد کە لە ماوەكانی رابردوودا لە پارکی شەهيد سامی عەبدولڕەحمان و لە پێش یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری، جامی ئۆتۆمبێلیان دەشکاند و دزییان دەکرد.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: پاش بڵاوبوونەوەی چەند گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا تۆمەتباران جامی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانیان دەشکاند بۆ مەبەستی دزیکردن و دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە، هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر / بەشی نەهێشتنی تاوان (نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی باکور)، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی وردیان دەست پێ کرد.
هەروەها راشیگەیاند: لەئەنجامی بەدواداچوونەکان و لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا، هێزەکانمان توانیان شوێنی تۆمەتباران دەستنیشان بکەن و هەردوو تۆمەتباری سەرەکی دەستگیر بکەن.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوەی یاسایی بۆ تۆمەتباران ڕێکخراوە و ڕادەستی دادگا کراون بۆ ئەوەی سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.